سەردێڕ:

لە رووداوێکی سەختى هاتوچۆدا سێ کەس گیانیانلەدەستدا

AM:11:21:11/10/2021

5720 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆیی ھەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی تیژڕەوی ئۆتۆمبێلیک لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری لە ھەولێر، کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و پێکدادان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا روویداوە و بەھۆیەوە سێ کەس گیانیانلەدەستدا.


ئەمڕۆ دووشەممە، فازڵ حاجی وتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کاتژمێر ١٢ و ٥٠ خولەکی شەو لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری لەنزیک نەخۆشخانەی رزگاری ئۆتۆمبێلێکی جۆری ھیۆندای سانتافی بەھۆی پێشبڕکێ کردنەوە بە خێراییەکی یەکجار زۆر بەئاراستەی بازاڕی لەنگە رۆیشتووە و لەناکاو کۆنتڕۆلی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە بەسەر دورگەی ناوەندی شەقامەکەدا پەڕیوەتە سایدی بەرامبەر، لە ھەمان کاتدا  ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسانی تایبەت کە بەئاراستەی نەخۆشخانەی رزگاری رۆیشتووە پێکدادان لە نێوانیاندا روویداوە.
وتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر باسی لەوەشکردووە، لە ئەنجامی رووداوەکە سێ کەس گیانیانلەدەستداوە.
فازڵ حاجی دەشڵێت، دوای لێکۆڵینەوە و بەگوێرەی بەڵگە سەرەتاییە دەستکەوتووەکان دەرکەوتووە بەڕێژەی ١٠٠٪ ئۆتۆمبێلی ھیۆندای سانتافی بەھۆی تیژڕەوییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و ھۆکاری رووداوەکەبووە.
بەپێی ئامارەکانی ھاتوچۆی ھەرێم، ساڵی رابردوو، زیاتر لە چوار ھەزار و ٤٠٠ روداوی ھاتوچۆ روویانداوە، کە بەو ھۆیەوە ٥٧٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش ھەزار و ٨٠٠ کەسیش برینداربوون.
لە ھەرێمی کوردستان رووداوەکانی ھاتوچۆ بە یەکێک لە ھۆکارەکانی گیانلەدەستدان دادەنرێت، لەو بارەیەشەوە بەشێکی ھاوڵاتیان پێیان وایە خراپی رێگاوبانەکان ھۆکاری سەرەکی بن و لە بەرامبەریشدا پۆلیسی ھاتوچۆ پێی وایە، ھەندێک سەرکێشی و خێرایی زیاد لە پێویست و پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی ھاتوچۆ ھۆکار بن.












گەلەری