سەردێڕ:

دوای هەڵبژاردن؛ سەرکردە عێراقییەکان چییان وت

PM:10:01:10/10/2021

13208 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا، پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە کاتژمێر حەوت دەستیپێکرد و کاتژمێر شەشی سەرلەئێوارەش دەنگدان کۆتایی هات و دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش، بەشێک لەسەرکردە و کەسایەتییەکانی عێراق و هەرێم پەیامی تایبەتیی خۆیان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.


مستەفا کازمی سەرۆکوەیزرانی عێراق رایگەیاند، "حکومەت بە ئەرکی خۆی هەستا و بەڵێنەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خاوێن و بە ئەمنییەتییەکی تەواوەتییەوە بردەسەر"، هاوکات، سوپاسی تەواوی دەنگدەرانی عێراق و ئەو فەرمانبەرانەی کە لە پرۆسەکەدا رۆڵییان هەبووە کرد.

سەرۆکی ئەنجومەنی دادگای باڵای عێراق رایگەیاند، سوپاسی تەواوی ئەندامانی سێکتەری دادگای عێراق، چاودێران، فەرمانبەران، پاسەوانان و تەواوی پێکهێنەرە سەرەکییەکانی لیژنە جیاوازەکانی تایبەت بە رێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن.

لای خۆشییەوە، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی میللەتە و دەنگەکانتان ئەمانەتە لە گەردنمان، نە بازرگانی پێوە دەکەین و هیچ مامەڵەیەک."

لەلایەکی تریشەوە، موقەتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەپێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لەرووی ئەمنی و هونەرییەوە بەڕێوەچوو".

هەر بەبۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتییەوە، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، "بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاسێکی گەرمی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەم بۆ بەشدارییان لەو پرۆسە دیموکراسییە"، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا و تیایدا "سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو."

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی مانگ دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەم خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو و ھاوڵاتییان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

لە سەرانسەری عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ هەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو رێژەیەش، لە هەرێمی کوردستان ٣ ملیۆن و ٤٨٦ هەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بە دەنگەکانی کەرکوکەوە ٤ ملیۆن و ٤٩٣ هەزار و ١٦٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.













گەلەری