سەردێڕ:

دڵنیاییەک لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ دەنگدەران

PM:02:21:08/10/2021

5056 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند کە پێویستە عێراقییەکان دوور لە فشار، تۆقاندن و ھەڕەشە، دەنگی خۆیان بدەن.


نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی، "لە رۆژی ھەڵبژاردنەکاندا، پێویستە عێراقییەکان بە متمانە و دوور لە فشار، تۆقاندن و ھەڕەشە و ھەروەھا چۆنیان دەیەوێت، دەنگی خۆیان بدەن".

راشیگەیاندووە، "جارێکی دیکە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین کە رێز لە ئازادی عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان".

بەیانی ئەمڕۆ ھەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەرانسەری عێراقدا، دەستی پێکرد کە دەنگدەران دەتوانن لە ٥٩٥ بنکەی دەنگدان دەنگی خۆیان بدەن.

پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھەموو کارمەندەکانی سەرجەرم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پاریزگاری ھاووڵاتییان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عێراقدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.

پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و کۆمیسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دوورخستەوە.













گەلەری