وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تا ئەیلولی ٢٠٢٠ وڵاتەکەی سێ هەزار و ٧٥٠ کڵاوەی ئەتۆمی هەبووە، بەمەش بەراورد بە ساڵی ١٩٦٧ بە رێژەی ٨٨٪ کڵاوە ئەتۆمییەکانی کەمکردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠ وڵاتەکەی سێ هەزار و ٧٥٩ کڵاوەی ئەتۆمی هەبووە.
ئاماژەی بەوەشداوە،
ئەمەش بەراورد بە ساڵی ١٩٦٧ و سەرەتای جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و روسیا بە رێژەی
٨٨٪ کڵاوە ئەتۆمییەکانی کەمکردووەتەوە، لەکاتێکدا لەو کاتەدا ٣١ هەزار و ٢٥٥ کڵاوەی
ئەتۆمی هەبوو.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە،
بەمەش بە بەراورد بە ساڵی ١٩٨٩، کە دیواری بەرلینی تێدا روخێنرا، ئەمریکا بەڕێژەی
٨٣٪ کڵاوە ئەتۆمییەکانی کەمکردووەتەوە، چونکە ئەوکاتە ٢٢ هەزار و ٢١٧ کڵاوەی ئەتۆمی
هەبووە.
لە ماوەی رابردوودا،
ئەمریکا ١١ هەزار و ٦٨٣ کڵاوەی ئەتۆمی خۆی لەناوبردووە و هەڵیوەشاندووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە،
لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار کڵاوەی دیکەی ئەتۆمی لە چوارچێوەی خزمەتگوزاری و بەرگری
سەربازی کشاندووەتەوە و بڕیارە ئەوانەش هەڵبوەشێنێتەوە.
لە مانگی ئەیلولی
١٩٩١، بە ماوەیەکی کەم لە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەت، ئەمریکا کڵاوە و چەکە ئەتۆمییە
نا ستراتیژییەکانی بە رێژەی زیاتر لە ٩٠٪ کەمکردەوە.
لە مانگی کانونی
دووەمی ٢٠٢١، پەیمانگای ستۆکهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەکان لەبارەی ئاشتییەوە
ئاماری کڵاوە ئەتۆمییەکانی وڵاتانی جیهانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، ئەمریکا پێنج
هەزار و ٥٥٠ کڵاوە و روسیا شەش هەزار و ٢٥٥ کڵاوە و چین ٣٥٠ کڵاوە و بەریتانیا ٢٢٥
کڵاوە و فەڕەنسا ٢٩٠ کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، هەریەک لە هیندستان و پاکستان و ئیسرائیل
و کۆریای باکور، سەرجەمیان ٤٦٠ کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە،
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا، سەرجەم زانیاری
و ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی بۆ جیهان ئاشکرا نەکرد و لە رێککەوتنی سنوردارکردنی چەکی
ئەتۆمی نێوان ئەمریکا- روسیا تاک لایەنانە کشایەوە.
كـ. ئـ