سەردێڕ:

رێکان بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەی رۆیشت تەرمەکەیان هێنایەوە

PM:12:32:06/10/2021

45312 جار خوێندراوەتەوە

رێکان بۆڵی گەنجێکی دانیشتووی حاجیاوایە، بۆ هاوکاری خێزانەکەی کاری دلیڤەری دەکرد، بەڵام ئەم بەیانییە دوای چەند کاتژمێرێک لەرووداوەکە گیانیلەدەستدا.


کاتژمێر ١٠ شەوی رابردوو لە رێگای ناوچەی پیشەسازی - ناحیەی حاجیاوا رووداوێکی هاتوچۆ روویدا، قوربانیەکە گەنجێکی ١٦ ساڵان بووەو دوای چەند کاتژمێرێک و بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

رێکان بۆڵی گەنجێکی دانیشتووی حاجیاوایە، کوڕە گەورەی خێزانەکەی بووەو کە خوشک و برایەکی دیکەی هەبووە، بۆ هاوکاری کردنی خێزانەکەی دەستدەکات بەکاری گەیاندنی خۆراک (دلیڤەری) بەڵام قەدەرێکی جیاواز چاوەڕێی دەکات و دوای یەک مانگ و ٢٠ رۆژ گیانلەدەستدەدات.


بەپێی راگەیەنراوێکی هاتووچۆی راپەڕین، رووداوەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیلێکدا روویداوە و بەوهۆیەشەوە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستداوە.

خاوەن کارەکەی باسی لەدڵسۆزی و دەستپاکی و لەخۆبردوویی رێکان دەکات و وتیشی:"باری ئابوری زۆر خراپ بووە و تەنانەت نەیتوانیوە بخوێنێت".

بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢٨٧ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا ٣١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.













گەلەری