وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی گڕگرتنی غازەوە لە ماڵێكدا لە شاری چەمچەماڵ پێنج کەس سوتاون و رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
شەریف رەحیم وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، ئاگرەکە لە ئەنجامی گڕگرتنی غازەوە بووە و بەوهۆیەشەوە پێنج کەس کە ئەندامی یەک خێزانن سوتاون و لە ئێستاشدا رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە لە گەڕەکەی ئاشتی شاری چەمچەماڵ روویداوە و تیایدا پێنج کەس سوتاون کە تەندروستی سێ کەسییان ناجێگیرە.
هاوکات، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "کاتژمێر ٧:١٥ خولەکی ئەمشەو لەلایەن تیمەکانمانەوە ئاگادارکراینەوە کە لەگەڕەکی ئاشتی شاری چەمچەماڵ بەهۆی غازەوە ئاگر لەماڵێکدا کەوتووەتەوە و بەوهۆیەشەوە پێنج کەس برینداربوون و سێ کەسیان رەوانەی سلێمانی کراون".
راشیگەیاندووە، ئەو کەسانەی کە سووتاون پێکهاتوون لە ژنێکی لە دایکبووی
ساڵی ١٩٧٤، ژنێکی لە دایکبووی ٢٠٠١، کوڕێکی لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٩ و لەگەڵ دوو
منداڵدا، وتیشی، "دۆخی تەندروستی سێ لە سوتاوەکان
ناجێگیرە."
گۆران لوقمان، سلێمانی