سەردێڕ:

بانکێک ٥٠٠ ملیار دینار وەک قەرز دەداتە هاوڵاتیان

AM:09:01:04/10/2021

27472 جار خوێندراوەتەوە

بانکى نیشتەجێبوون لە عێراق لەماوەى رابردوودا بڕى ٥٠٠ ملیار دینارى وەک قەرز داوەتە هاوڵاتیان بۆ دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون و زیاتر لە ١٢ هەزار هاوڵاتى سودیان لە قەرزەکە وەرگرتووە.


عەبدولموحسین عەلوان، بەڕێوبەرى گشتى بانکى نیشتەجێبوون بە رۆژنامەى سەباحى فەرمى وت "بانکەکە لەئێستادا لەسەر دەستپێشخەری (قەرزى کڕین)ى بانکى ناوەندى عێراق کاردەکات کە تایبەتە بە کڕینى یەکەى نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوون یاخود لە دەرەوەى کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان.

رونیشیکردەوە "ئامانجى سەرەکى کارى بانکەکە کارئاسانییە بۆ دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتییان".

جەختیشى کردەوە سەرجەمى ئەو بڕە پارانەى کە بانکەکە لەچوارچێوەى دەستپێشخەرییەکەى بانکى ناوەندى پێشکەشى کردووە بریتى بووە لە ٥٠٠ ملیار دینار و ١٢٥٥٤ هاوڵاتیش سودیان لێوەرگرتووە.

بەوتەى ئەو بەڕێوبەرە گشتییە قەرزەکە دەدرێتە ئەو هاوڵاتیانەى کە یەکەى نیشتەجێبوون دەکڕن بەو مەرجەى کە روبەرى یەکەکە لە ١٠٠ مەتر کەمتر نەبێت.

جەختیشیکردەوە ژمارەى ئەو مامەڵانەى کە پێشکەشى بانکەکە کراوون و هێشتا جێبەجێنەکراوون نزیکەى ١٤١٢٧ مامەڵەیە تایبەت بە کڕینى یەکەى نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگەکان و هەروەها ٨٣٧٨٩ مامەڵەى تر بۆ کڕینى یەکەى نیشتەجێبوون لە دەرەوەى کۆمەڵگەکان پێشکەش بە بانکەکە کراوە.

پێدانى قەرز و پێشینەى بانکەکان لەعێراق بە هاوڵاتیان لەکاتێکدایە کە لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى ٢٠١٤ەوە و بەبیانووى قەیرانى داراییەوە سەرجەمى قەرز و پێشینەکان راگیراوون.













گەلەری