سەردێڕ:

قائیمقامی سلێمانی لەسەر لێدان لە کەسێک بە (شەق و قۆناغە تفەنگ) روونکردنەوە دەدات

PM:06:25:03/10/2021

12384 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوکرایەوە و تیایدا چەند چەکدارێک بە (شەق و قۆناغە تفەنگ) لە هاوڵاتییەکیان دەدا و لەسەر ئەوەش قائیمقامی سلێمانی دەڵێت، "هیچ شتێکیوا رووینەداوە."


ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو کەیسانە دەکرێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ شتێکیوا رووینەداوە، بەڵکو تەنیا حاڵەتێک بووە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."

ئاوات محەمەد باسی لەوەشکردوو، "رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکان دەگیرێتەبەر و کەس لە سەروو یاساوە نییە."

لە بەدواداچوونێکی ئێن ئاڕ تیدا دەرکەوتووە، رووداوەکە لەسەر شەقامى گشتى گەڕەکى بەختیارى لە شاری سلێمانی بووە و ئەو چەکدارانە کێشەى زەوى و زارییان لەگەڵ کۆمپانیاى دەروازەدا هەیە و ئەو کەسەى کە لێى دراوە یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرانى ئەو کۆمپانیایە.

لەوبارەیەوە، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، "ئەو کەسەی لێی دراوە سکاڵای لەسەر کەسێک تۆمار کردوە کە لە پشت هێرشەکەوەیە و دادوەریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوە و هەوڵدەدەین دەستگیری دەکەین."

سەرکەوت ئەحمەد وتیشى، "کێشەکە لەسەر زەوی و زارە"، بەڵام هیچ زانیاریەکی لەسەر چەکدارەکان و ئەو کەسە نەدا کە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.

ئێن ئاڕ تى زانیوویەتى، "شەوى رابردوو هێزێکى زۆر لەنزیک شوقەکانى دەروازە ستى کۆکراونەتەوە."

رووداوەکە لەکاتێکدایە بەرپرسانى یەکێتى لە شارى سلێمانى بەڵێنى ئەوەیان دابوو کە ئارامى و هێمنى ئەم شارە بپارێزن و هۆشدارییان دابوو لە تێکدانى ئارامى شارەکە.

 

 

بۆ بینینی گرتە ڤیدیۆییەکە کلیک بکە

 













گەلەری