سەردێڕ:

نوێترین رونکردنەوەی کۆمسیۆن لەبارەی نوێکردنەوەی بایۆمەتری دەنگدانەوە

PM:03:03:03/10/2021

3048 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵا رایگەیاند، میکانیزمی رادەستکردنی کارتی دەنگدان لە بنکەکانی هەڵبژاردن ئەو توێژانە دەستنیشاندەکات کە دەبێت زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، نوێکردنەوەی زانیارییەکانی دەنگدەران راگەیاندنی مردن و بوونی هەڵە لە کارتی پێشووتر و رێکەوتی لەدایکبوون دەگرێتەوە، تا مافی دەنگدانی هەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر کارتێک ئەگەر هیچ هەڵەیەکی تێدانەبێت ئەوا پێویست بە نوێکردنەوەی زانیارییەکان ناکات، بەڵکو تەنها پێویستە کارتی دەنگدانەکە نوێ بکرێتەوە، چونکە کارتە کۆنەکە بۆ دەنگدان كارى پێناکرێت، چونکە لە ئێستادا کارتی بایۆمەترییە نوێیەکە تاکە کارتی رێگە پێدراوە بۆ دەنگدان.

جومانە غەلای ئەوەشی خستەڕوو، هەرکەس کارتەکەی پێشتر نوێکردبێتەوە و هیچ هەڵەیەکیشی تێدانەبێت، ئەوا پێویستە ئاگاداری ئەوەبێت تەمەنی کارتەکە کورتە و دەکرێت خۆ بەخۆ لەکار کەوتبێت بەمەش مافی دەنگدانی نامێنێ، هەربۆیە پێویستە کارتەکەی نوێ بکاتەوە.

لەبارەی کۆتا وادەی وەرگرتنەوە و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی، ٥ی تشرینی یەکەم تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە سەرجەم کارمەندەکانیان کاردەکەن و کۆتا وادەی نوێکردنەوەی کارتی دەنگدانە.

دەشڵێت، پێشتر لە هەزار و ٧٩ بنکەی دەنگداندا کارتی بایۆمەتری نوێدەکرانەوە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی بنکەکان زیادکراون بۆ هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان. لەلایەن خۆشییەوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تەواوی پێداویستییە لۆجستییەکانی ئامادەکردووە و رێکارە یاساییەکان گیراونەتەبەر و هەموو شتێک ئامادەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.


کـ ، ئـ













گەلەری