سەردێڕ:

دوایین زانیارى لەبارەى گیرخواردنى سەدان خێزانى کورد و عێراقى لە بیلاڕوسیا

AM:11:21:03/10/2021

7512 جار خوێندراوەتەوە

دەزگاى لوتکە هۆشدارى دەدات بە هاوڵاتییانى کوردستان و عێراق لە مەترسى بەکارهێنانى خاکى بیلاروسیا بۆ گەیشتن بە وڵاتانى ئەوروپا.


دەزگاکە لە ئاگادارینامەیەکدا ئاماژەى بەوە کردووە بەهۆى ساردبوونى کەشوهەواوە هێندەى دیکە بەکارهێنانى خاکى بیلاروسیا بۆ گەیشتن بە وڵاتانى ئەوروپا مەترسیدارتر بووە.

لوتکە رونیکردەوە "لە ئێستادا سەدان خێزانی کورد و عێراقی لەسەر سنورەکانی بیلاڕوسیا گیریان خواردووە و بێ نان و بێ ئاو ماونەتەوە. هاوکات چەندین کەس ژیانیان لەدەستداوە بەهۆی سەرما و بێ نان و ئاوی و نەخۆشییەوە".

لە ئاگادارینامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "دەزگاکە بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری عێراقی (وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، وەزارەتی دەرەوە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق) لەسەر هێڵ دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە گیریان خواردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەڕێنرێنەوە".

داواش لە هاوڵاتییان کراوە کە بە هیچ جۆرێک نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو گروپ و تاقمانەوە کە هانیان دەدەن لەڕێگای بیلاڕوسیاوە بگەنە خاکى ئەوروپا و دەشڵێت "ژیانی خۆتان و منداڵەکانتان مەخەنە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی جددی".

لوتکە داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات ڕۆڵی ئیجابیی خۆیان بگێڕن بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی.













گەلەری