سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی رێککەوتنێکی نھێنی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بڵاودەکاتەوە

PM:08:36:02/10/2021

45236 جار خوێندراوەتەوە

لە دوو رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی سەردانی سەری رەشی کردووە و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە نهێنی کۆبووەتەوە و هەردوولایان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ئەم جارە بۆ پارتی بێت، ئەگەر هیچ کێشەیەکی تری دەرەوەی ویست و توانای کورد نەیەتە ئاراوە.


هەر بەپێی رێککەوتنەکە پارتی تەواوی پۆستەکانی خۆی لە بەغدا دەدات بە یەکێتی، وەک پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران کە پشکی کوردە لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بەڵێنی دوو وەزارەتیشیان داوە بە یەکێتی، بەڵام دوو وەزارەتەکە لە رێککەوتنەکەدا نەنوسراوە.

هەر بەپێی ئەو زانیاریانە پارتی بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەداتە بافڵ تاڵەبانی لە بری دەستبەرداربوونی یەکێتی لەو پۆستەدا و ئەو مانگانەیەی کە ئێستا قوباد تاڵەبانی لە بری داهاتی نەوت لە پارتی وەردەگرێت کە بڕەکەی مانگانە ٢٠ ملیۆن دۆلارە، پارتی کردوویەتى بە مانگانەی ٣٠ ملیۆن دۆلار، ئەمەش وەک قەرەبووی ئەو زیانەی کە یەکێتی بەری دەکەوێت لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆک کۆماردا.

بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی ئەوەی داوە هەموو کێشەکانی ناو یەکێتی چارەسەر دەکات و هەموو باڵ و رایە جیاوازەکانی ناو حزبەکەى رازی دەکات بەم رێککەوتنە.

پارتی یەکێتی ئاگادار کردوەتەوە کە دەنگ و کورسی یەکێتی هەرچی بێت و تەنانەت ئەگەر یەکێتی ببێتە هێزی سێیەمیش لە هەرێمی کوردستان ئەوا ئەوان پابەندن بەو رێککەوتنە بە هەموو بڕگەکانیەوە، هەروەها بە یەکێتییان راگەیاندووە ئەگەر ئێستا رازی نەبن، ئەوا دوای هەڵبژاردن بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

بۆیە هاوسەرۆکی یەکێتی رازی بووە کە دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار بن لە بەرژەوەندی پارتی، کە تا ئێستا هۆشیار زێباری کاندیدی بەهێزی پارتییە.

لە خولی پێشوو و ساڵی ٢٠١٨ پارتی ئەو کات بە فڕۆکەیەک بری ٩٠ ملیۆن دۆلاری برد بۆ بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا و لە دوایین ساتەکاندا خەریک بوو پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کاندیدی پارتی (فوئاد حسێن) بێت، بەڵام ئەو کات بەشێک لە یەکێتی رازینەبوون و خودی بەرهەم ساڵحیش فشاری زۆری کردە سەر بافڵ تاڵەبانی، کە لەوکاتەدا بەڵێنی سەرۆک کۆماریان پێدابوو تا واز لە حزبەکەی خۆی بهێنێت و بگەڕێتەوە ناو یەکێتی.

پۆستی سەرۆک کۆمار جگە لەوەی ساڵانە نزیکی سەدان ملیۆن دۆلار نەسریە و بودجەی لەبەردەستایە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا وەک سەرچاوەی دەستکەوت و پارە وابووە بۆ یەکێتی و جگە لەو موچە و نەسریەی سەرۆک کۆمار، دەیان پرۆژەی بازرگانی گەورەیان لە بەغدا و شارەکانی تری عێراق پێوەرگرتووە بۆ کۆمپانیاکانی یەکێتی.

هەموو ئەو دەستکەوتە ماددیانەی لە رابردوودا پارتی و یەکێتی لە پۆستەکانی بەغدا دەستیان کەوتووە لەسەر حسابی ئەوە بووە کە دەبوو ئەم پۆستە بەکاربهێنریت بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک و هەروەها زیادکردنی موچەی پێشمەرگە و دۆسیەی تری گرنگ تایبەت بە خەلکی هەرێمی کوردستان، کە پارتی و یەکێتی جگە لە دەستکەوت بۆ کۆمپانیاکانیان، هیچ کام لەوانەیان نەکردوە.

 













گەلەری