سەردێڕ:

نەبوونی حەج بازاڕی قوربانیکردنی گەرم کردووە

PM:03:28:18/07/2021

7796 جار خوێندراوەتەوە

مەیدانی ئاژەڵ فرۆشانی سلێمانی لە پێشوازی جەژنی قورباندا، جممەی دێت لەو هاووڵاتییانەی کە بۆ کڕینی ئاژەڵی قوربانی روویان تێکردووە.


ئەمساڵ نەبوونی حەج گەرموگوڕییەکی زیاتری بەخشیوە بە بازاڕی قوربانیکردن، مەیدانەکە لەچاو ساڵانی رابردوو، خەڵکێکی زیاتر روویان تێکردووە، هەرچەندە هێشتا وادەی قوربانیکردن دەستی پێ نەکردووە، هاووڵاتییان لەئێستاوە ئاژەڵەکان دەكڕن و نۆرە دەگرن تاوەکو لە رۆژانی جەژن زووتر سەرەیان بەربکەوێت و قوربانییەکەیان بۆ سەرببڕن.

گۆران نەجیب ئاژەڵ فرۆش، کە یەکێکە لە فرۆشیارانی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵەکەی سلێمانی وتی: "لەچاو ساڵانی رابردوو، بازاڕ زۆر باشە، بەشی زۆری ئەوەی لێرە کاردەکات تا ئێستا نیوەی ئەو ئاژەڵانەی هەیەتی فرۆشتوویەتی کە هێشتا کاتیش زۆر ماوە، بەڵام ئەمساڵ تیچووەکان گرانە، کیلۆیەک جۆ بە ٦٠٠ دینارە ئاویش دەبێت بیکڕین، بەڵام ئەمساڵ ئاژەڵ بۆ قوربانیکردن زیاتر دەفرۆشرێت، چونکە ئەمساڵ خەڵک نەچووە بۆ حەج لێرە قوربانی دەکەن، ساڵانە سێ بۆ چوار هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەچوون بۆ حەج، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی حەج نەبوو ئەو خەڵکە لێرە قوربانییەکە دەکەن".


جۆری قوربانیەکان

گۆران نەجیب دەربارەی رێژەو جۆری قوربانیکردن وتی: "هەر کەسە و بەجۆرێک قوربانی دەکەن، هەیە بەتەنیا ئاژەڵێکی گەورە دەکرێت، بەڵام لەسەر قسەی مامۆستایانی ئایینی خەڵکیش هەیە بەچەند خێزانێک لە گەڕەکێکدا ئاژەڵێکی گەورە دەکڕن و دەیکەنە قوربانی، جاران دەیانگوت هەر ئاژەڵێک بۆ یەک ماڵ دەبێت ئێستا مامۆستاکان دەڵێن ئاژەڵێکی رەشە وڵاخی گەورە بۆ حەوت خێزان دەبێت لە گەڕەکێکدا و دەتوانن پێکەوە بیکەن، ئاژەڵی بچووکیش بۆ یەک خێزان دەبێت و ئەویان خێزانەکان بە تەنیا دەیکەنە قوربانی".

دەربارەی نرخی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵ لە سلێمانی، گۆران نەجیبی ئاژەڵ فرۆش ئەوەشیخستەڕوو "ئەمساڵ لەچاو ساڵی رابردوو نرخ گرانترە، پار کیلۆی بە پێنج هەزار و ٢٥٠ دینار کەمێک زیاتر یان کەمتر بوو، بەڵام ئەمساڵ کیلۆی بووە بە پێنج هەزار و ٥٠٠ تاوەکو ٧٠٠ دینار، نرخی ئاژەڵی مێیەش هەرزانترە، خواستیش زیاتر لەسەر ئاژەڵی بچووکە بەهۆی باری دارایی خەڵکەوە، چونکە هەتاوەکو گەورەتربێت گرانتردەکەوێت لەسەر خەڵک بۆیە نرخی کیلۆی ئاژەڵە بچووکەکان گرانترە لە گەورە".


٦٠ ساڵە کاردەکات

حاجی حەمەئەمین حەسەن یەکێکی دیکەیە لە ئاژەڵ فرۆشەکانی ناو مەیدانی ئاژەڵ لە سلێمانی، تەمەنی ٦٧ ساڵە و دەڵێت لەوەتەی کاردەکەم لە منداڵییەوە ئەمە پیشەمە، وتی: "قوربانیکردن هەر دوای نوێژی جەژن دەست پێ دەکات و بەردەوام دەبێت هەتاوەکو ئێوارەی دواهەمین رۆژی جەژن کە خۆر ئاوادەبێت، هەر کەسێک ئاژەڵەکەی ئامادەبێت دەتوانێت لەدوای نوێژەوە دەست بکات بە سەربڕینی قوربانییەکەی".

دەربارەی ئەو ئاژەڵانەی کە بۆ قوربانی دەبن، حاجی حەمەئەمین وتی: "رەشە وڵاخ، شەکەنێری باش، مەڕ و تەنانەت بزنیش ئەگەر تەمەنی سێ ساڵ بێت بۆ قوربانی دەبن، لەم بازاڕەش زیاتر هەر ئەوانە هەیە و خەڵکیش هەر وای حەزلێیە ئاژەڵێکی باش بکاتە قوربانی".


لەئاژانسی ئەنادۆڵۆ وەرگیراوە













گەلەری