سەردێڕ:

وەزارەتی نەوت بڕ و داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی ئەیلولی عێراقى ئاشکرا کرد

PM:04:38:01/10/2021

3644 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، مانگی ئەیلول زیاتر لە ٩٢ ملیۆن بەرمیل نەوت بە بەهای شەش ملیار دۆلار فرۆشراوە، داهاتەکەی بەبەراورد بە مانگی ئاب زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ لەمانگی ئەیلولدا بڕی ٩٢ ملیۆن و ٤٢٢ هەزار و ٤٨٥ بەرمیل نەوت فرۆشراوە و هەناردەی دەرەوە کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی نەوتە فرۆشراوەکە بریتییە لە شەش ملیار و ٧١١ ملیۆن و حەوت هەزار دۆلاری ئەمەریکی.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی کەرکوک دوو ملیۆن و ٩٢٢ هەزار و ٨٥٧ بەرمیل بووە. دەشڵێت، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ٨٩ ملیۆن و ٢٢٤ هەزار و ٣٥٤ بەرمیل بووە.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، رۆژانە سێ ملیۆن و ٨١ هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە و هەناردەی دەرەوە کراوە و هەر بەرمیلێک بە ٧٢ دۆلار و ٦١ سەنت فرۆشراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ی مانگی تەمموز بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٦٣ دۆلار دابەزی.

بەپێی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.













گەلەری