سەردێڕ:

دڵنیاییەک لە کۆمسیۆنەوە لەبارەى کارتى دەنگدان "بەهیچ جۆرێک ساختە ناکرێت"

AM:11:32:30/09/2021

6532 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى ئەنجومەنى کۆمسیاران رایگەیاند "بەهیچ جۆرێک کارتى دەنگدان ساختە ناکرێت و ئەوەشى بیکڕێت بەهیچ جۆرێک ناتوانێت دەنگى پێ بدات".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەلیل عەدنان خەڵەف سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆنى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت لە رۆژى ١٠ى تشرینى یەکەم، خستەڕوو.

سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران ئاماژەى بەوە کرد "ئەوەى بایکۆتى هەڵبژاردن بکات وەک ئەوە وایە رێگەى بەکەسێکى تر دابێت دەنگەکەى بدات بەبێ ئەوەى کارتى دەنگدانەکەى کڕابێت".

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە بەهیچ جۆرێک کارتى دەنگدان ساختە ناکرێت و ئەگەر بشفڕۆشرێت ناتوانرێت بەهیچ جۆرێک دەنگى پێ بدرێت".

داواشى لە هاوڵاتیان کرد کە رووبکەنە بنکەکانى کۆمسیۆن بۆ وەرگرتنەوەى کارتەکانى دەنگدان.

هەر ئەمڕۆ، ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەمەبستی ئاگاداربوون لەدواهەمین ئامادەکارییەکان بۆ رۆژی دەنگدان، جنین بلاسخارت پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ جەلیل عەدنان خەڵەف سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، جەلیل خەلەف تەواوی وردەکاریی و هەنگاوەکانی ئامادەکاری لەسەرتاسەری عێراقدا خستووەتەبەردەم بلاسخارت، بەمەبەستی ئاگاداربوونی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا.

لەلایەن خۆیەوە، جنین بلاسخارت، پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەختیکردەوە لەسەر بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئامادەکارییەکان لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوامدەبێت لە هاوکاریکردنی لەگەڵ ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان بە ئامانجی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پتەو و بتوانێت متمانەی شەقامی عێراقی بەدەستبهێنێت.

بڕیارە لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەسەرتاسەری وڵات بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان.

 













گەلەری