سەردێڕ:

لەلایەن چەند کەسێکەوە؛ باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە وڵاتێکی ئەوروپی دەستی بەسەرداگیرا

PM:05:43:27/09/2021

7180 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ بۆ ماوەی دوو کاتژمێر باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە بڕوکسلی پایتەختی بەلجیکا لەلایەن چوار کەسەوە دەستی بەسەردا گیرا، کە داوایان لە بەلجیکا کردووە دان بە دەسەڵاتی تاڵیباندا نەنێت.


میدیا جیهانیەکان بڵاویانکردەوە، چوار کەس کە یەکێکیان ژن بووە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستیان بەسەر باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە بڕوکسلی پایتەختی بەلجیکادا گرت و داوایان دەکرد حکومەتی ئەو وڵاتە دان نەنێت بە حکومەتەکەی بزوتنەوەی تاڵیباندا.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کارەکەیان بە هێمنانە ناوزەندکردووە و مەبەستیان ئەوە بووە سەرنجی ئەوروپا بەلای چەند شتێکدا ببەن بۆ نمونە نوێنەرێکی شەرعی کە نوێنەرایەتی ئەفغانییەکان بکات نەك بزوتنەوەیەک.

باسیان لەوەشکردووە، ئەو کەسانە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر هەڵیانکوتاوەتەسەر باڵیۆزخانەکە و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دوورخراونەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوایین کۆبوونەوە وڵاتانی ئەوروپا ئاماژە بەوەکراوە پەلە نەکرێت لە داننان بە حکومەتەکەی تاڵیباندا و مامەڵەکەیان لەگەڵ بزوتنەوەکە بە سنورداری دەهێڵنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ی مانگی ئابی ئەمساڵ، دوای ئەوەی سوپای ئەفغانستان لە زۆربەی شارەکاندا پاشەکشەی کرد، چەکدارانی تاڵیبان دەستیان بەسەر زۆربەی شار و هەرێمەکاندا گرت و کابوڵی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و رۆژی ٦ی ئەم مانگەش تاڵیبان کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی وڵاتی راگەیاند.














گەلەری