سەردێڕ:

یاساى خزمەتى سەربازى زۆرەملێ کەى دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردن؟

AM:08:59:27/09/2021

16376 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى لیژنەى بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق چارەنووسى خزمەتى سەربازى زۆرەملێى ئاشکرا کرد و ئاماژەى بەوە کرد لیژنەکە پشتیوانى لێ دەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد رەزا، ئەندامى لیژنەى بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى راگەیاند "هەتا ئێستا خزمەتى سەربازى زۆرەملێ نەگەیشتووەتە لیژنەکە بەڵکو گەیشتووە بە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان".

وتیشى "لیژنەى بەرگرى لەپەرلەمانى عێراق پشتیوانى لە یاساکە دەکات و دەبێتە پاڵپشتێکى باشى عێراق لەبوارى هێز و بەرگریکردن لەخۆى".

ئاماژەى بەوەش کرد پڕۆژەکە بۆ خستنە سەر کارى گەنجانیش کارێکى باشە بۆ ئەوەى موچەى مانگانەى لێ وەربگرن و رۆشنبیرى سەربازى و هەستى نیشتیمانییان پێ بەهێز بکەن.

محەمەد رەزا هیواشیخواست لە خولى داهاتووى پەرلەماندا دەنگ لەسەر یاساکە بدرێت.

پێشتر لیژنەى بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ماوەی بەسەربردنی خزمەتى سەربازی زۆرەملێ بەگوێرەی بڕاوانامە دەبێت و موچەکەشی لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٧٥٠ هەزار دینار دەبێت.

 

پێشتر حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر پڕۆژە یاسای سەربازی زۆرەملێ دەربڕی لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای خزمەتی ئاڵادا.

خزمەتکردنی سەربازی زۆرەملێ لە سەردەمی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراقدا جێبەجێدەکرا تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی ئەو دەسەڵاتە.

ساڵی ٢٠٠٣ بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمەریکی لە عێراق ئەو پڕۆژە یاسایە هەڵوەشێنرایەوە و جارێکی تر سوپا پێکهێنراوەیەوە و زۆرەملێی سەربازی کۆتایی پێهێنرا.

هاوکات جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەش لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "عێراق لە پێناو بە نیشتمانیکردنی هێزی سەربازی یاسای سەربازیی زۆرە ملێ دەردەکات."

وتیشی، "تا ئێستا نازانرێت یاسای سەربازی زۆرە ملێ هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە یاخود نا".













گەلەری