سەردێڕ:

نەرویج: لەمەودوا وەک پەتای وەرزی مامەڵە لەگەڵ کۆرۆنادا دەکەین

AM:08:47:26/09/2021

5432 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی نەرویج رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ھەفتەوە سەرجەم رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا ھەڵگیراون و ژیان ئاسایی بووەتەوە و لەمەودوا وەک پەتای وەرزی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.


ئێرنا سۆڵبێرگ سەرۆکوەزیرانی نەرویج رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە سەرجەم رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنایان لە چوارچێوەی ھەڵمەتی نیشتیمانی لەو وڵاتە ھەڵگرتووە.
وتیشی، "لێرە بەدواوە دەتوانین بە شێوەیەکی ئاسایی ژیان بەڕێ بکەین وەک قۆناغی پێش سەرھەڵدانی کۆرۆنا".
لەبارەی گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆرۆنا سەرۆکوەزیرانی نەرویج ئاماژەی بەوەدا، لەو باوەڕەدا نییە بەشێوەیەکی گشتی ژیان بگەڕێتەوە پێش سەرھەڵدانی کۆرۆنا، بەڵکو بۆ ھەتا ھەتایە کۆرۆنا کاریگەری ھەردەمێنێت بە باش یان بە خراپ.
لەلایەن خۆشییەوە، جێگری وەزیری تەندروستی نەرویجی ئەوەشی خستەڕوو، لەمەودوا کۆرۆنا وەک ھەر نەخۆشییەکی دیکەی وەرزی وەک ئەنفلۆنزا و ھاوشێوەکانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، ناکرێت کۆرۆنا بەروارد بکرێت بە نەخۆشییە وەرزییەکانی دیکە، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی مەترسی توشبوونیان ھەیە ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، زۆرینەی وڵاتانی جیھان لەکاتی سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆناوە چەندین رێکاری جۆراوجۆرییان بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتە بەر ھەر لە کەرەنتینە کرددنی گشتییەوە تا بەناچاریکردنی پۆشینی ماسک، بەڵام لەدوای دۆزینەوەی ڤاکسین و دابەشکردنی بەسەر ھاوڵاتیانیاندا، لە ئێستادا بەشێکیان دەستییان کردووە بە لابردنی بەشێکی زۆر لە رێکارەکان و ئاسایی کردنەوەی ژیان.

کـ ، ئـ












گەلەری