سەردێڕ:

گەشتیاریی ئاینى کەرتە پڕداهات و پەراوێزخراوەکەى عێراق

سەردانیکەرانی شیعە لە مەرزی حاجی ئۆمەران
PM:09:48:26/08/2023

2460 جار خوێندراوەتەوە

هاوشێوەی کەشوهەوا گەرمەکەی ساڵانە یادە ئاینییەکان بەتایبەت یادەکانى ئاینزاى شیعە کەرتی گەشتیاریی لە عێراق گەرموگوڕ دەکەن. ئەوەش بەهۆى هاتنى زیارەتکارێکى زۆر بۆ شوێنە پیرۆزەکانى ئەو ئاینزایە.


عێراق بە مەڵبەندێکی گرنگی ئاینی دادەنرێت، بەتایبەتى لاى مەزهەبى شیعە، بەو پێیەی لە رابردوو نشینگە و پەناگەی زۆرێک لە ئیمام و کەسایەتیە دیارەکانی ئاینی ئیسلام بووە.

ساڵانە بە مەبەستی ئاینی زیاتر لە ١٠ ملیۆن گەشتیار و زیارەتکار روو لە عێراق دەکەن و لە چەندین رووەوە سوود بە عێراق دەگەیەنن. شارەزایانى ئابوریش دەڵێن، ئەم جۆرە گەشتیارییە زۆر گرنگە و هۆکارێکە بۆ جوڵاندنی بازاڕ و رەخساندنی هەلی کار بۆ نزیکەی ٦٠ هەزار کەس لە ئوتێلەکان و شوێنە گەشتییارییەکاندا.

ئیمان مێهرابی بەرپرسی رێگاوبانەکانی ئێران بە میدیا ئێرانیەکانی راگەیاند، تا ئێستا لە حەوت دەروازەوە بەهۆی چلەی ئیمام حسیێنەوە ٧٠٠ هەزار زیارەتکار چوونەتە عێراق و چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەکە زیاتر ببێت، چونکە تاکو شەشى مانگى داهاتوو گەشتیاران بەردەوام دەبن لە چوونە کەربەلا و نەجەف و ئیمام کازم، ئەمە جگە لەوەی لە وڵاتانی کەنداو و لوبنان و پاکستان و یەمەن و ئەوروپاشەوە زیارەتکارى دیکە ملى رێگا بەرەو عێراق دەگرنەبەر.

بە پێی ئامارەکانی حکومەتی عێراق داهاتی ساڵانەی عێراق لە گەشتیارى ئاینی دەگاتە هەشت ملیار دۆلار لەکاتێکدا بەغدا بە چاوی گرنگییەوە لە کەرتی گەشتیاری نەڕوانیوە و وەک پێویست گرنگی پێنەداوە.

شارەزایەک پێی وایە، ئەگەر لە عێراق بەشێوەیەکی باش بەڕێوەبردنی کەرتی گەشتیاریی ئاینی بدرێت، ئەوا داهاتی ئەم کەرتە شتێکی وای لە داهاتی گەشتیاری وڵاتە عەرەبیەکان کەمتر نابێت، تەنانەت هەندێک وەک یەکێک لەهۆکارەکانى جێگرەوەی نەوت سەیری دەکەن و دەڵێن دەکرێت بەشێکى سەرەکى داهاتى نیشتیمانى عێراق پێکبهێنێت.













گەلەری