سەردێڕ:

عێراق چۆن کەرەستە دزراوەکانی پاڵاوتگەی بێجی وەرگرتەوە؟

PM:02:13:22/08/2023

11724 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانەی کۆبوونەوەیەک کە لە هەفتەی رابردوودا بە بەشداری بەرپرس و کەسایەتییە دیارەکان پاڵاوتگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین کە گەورەترین پاڵاوتگەی نەوتی عێراقە وەرگرتنەوەی کەرەستە دزراوەکانی ئەو پاڵاوتگەیەی راگەیاند، کە هۆکاربوو بۆ پەکخستنی کاروباری پاڵاوتگەکە.


لە راپۆرتێکی رۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدید هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکردوە، کەرەستەکان بە هاوکاری هاوڵاتییەک وەرگیراونەتەوە و بوونی ئەو کەرەستانە لە پاڵاوتگەکەدا یارمەتیدەرە لە بوژاندنەوەی کەرتی نەوت لە وڵاتەکەدا.

چیرۆکی وەرگرتنەوەی کەرەستەکان

لەبارەی چیرۆکی وەرگرتنەوەی کەرەستەکان هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردووە، بازرگانێکی هەرێم بەبێ ئەوەی ئاگادار بێت کەرەستەکانی لەکاتی شەڕی داعشدا کڕیوە تاکو نەکەوێتە ژێر دەستی ئەو رێکخراوە، بەڵام کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو کەرەستانە هی پاڵاوتگەکەیە پێش مردنی داوای کردووە بگەڕێندرێنەوە بۆ حکومەتی عێراق.

حەلبوسی ئاماژەی بەوەکردووە، برای بازرگانەکە بە سودانی راگەیاندووە: لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ دوای مردنی بازرگانەکە چووەتە نەجەف و لەوێ عەلی سیستانی داوای لێکردووە ئەو کەرەستانەی پێبفرۆشێت، بەڵام برای بازرگانەکە لە وەڵامدا وتوویەتی ، "دروست نییە ئەم کەرەستانە بفرۆشم چونکە موڵکی دەوڵەتن و پێویستە کەرەستەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان".

باسی لەوەشکردووە، چوار مانگ بەر لە ئێستا داوایکردووە، چاوی بە سودانی بکەوێت و ئەو کەرەستانەی رادەست بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم چیرۆکە بۆ زۆرێک لە بەرپرسان و راوێژکارانی نوسینگەی سودانی جێی باوەڕ نییە و پێیان وایە سیناریۆکە هەوڵێکە بۆ بێتاوان دەرخستی گروپێک کە تۆمەتباردەکرێن بە دزینی کەرەستەی پاڵاوتگەکە لە کاتێکدا ئەو گروپە بردنی کەرەستەکان ڕەتدەکاتەوە.

بەگەڕخستنەوەی پاڵاوتگەکە توانای غازی عێراق بەرزدەکاتەوە

کۆڤنید شێروانی پسپۆڕی کاروباری نەوت رایگەیاند: کارکردنەوەی پاڵاوتگەی بێجی بە گەڕاندنەوەی کەرەستەکان کاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی کەرتی نەوت و غاز و زیادکردنی وەبەرهێنان لە عێراقدا دەبێت.

باسی لەوەکردووە، حکومەتی عێراق هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت لە ئاستە جیاجیاکاندا بەتایبەت پرسی غاز، بەمەبەستی دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا و ڕاگرتنی هەر هاوردەیەکی غازی ئێرانی کە ئەم کارە یارمەتیدەرە لە پاشەکەوتکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ گەنجینەی دەوڵەتی عێراق.

لەبارەی تێوەگلانی هەرێم لە دزینی ئەو کەرەستانە محەمەد وەفا کەریم ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێک لە کەرەستە دزراوەکان بەکارنەهێندراون کە لەڕێگەی زیاتر لە پارێزگایەکەوە فرۆشراون و بەشێکیان لە سلێمانی فرۆشراون و نێردراون بۆ ئێران.

راشیگەیاندووە، ئەو کەرەستانەی کە وەرگیراونەتەوە لەلایەن بازرگانێکەوە لە هەولێر کڕدراون و بە گەیشتنیان بۆ وڵاتەکە و ئاگاداربوونی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستیان بەسەردا گیرا و مامەڵەکردن بە کەرەستەکانەوە قەدەغەکرا.

محەمەد وەفا ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی عێراق کەرەستەکانی لە بازرگانەکە وەرگرتووەتەوە و لە بەرامبەردا بڕی ئەو پارەیەی پێداوە کە پێی کڕیوە.

پاڵاوگەی بێجی گەورەترین پاڵاوتگەی عێراقە کە توانای بەرهەمهێنانی ٣١٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە و لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٤دا رێکخراوی داعش دوای کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای بێجی پاڵاوتگەکەی داگیرکرد.
Sh-J 













گەلەری