سەردێڕ:

یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران؛ بەهۆی زۆری باج و رسومات ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵە سنورییەکانی هەرێم کەمیکردووە

PM:02:20:19/08/2023

1436 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی یەکێتی هاوردە هەناردەکارانی هەرێم رایگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران ساڵانە شەش ملیار دۆلارە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی زۆری باج و رسوماتی خاڵەسنوورییەکانی هەرێم، بازرگانان پەیانان بۆ بەندەر و دەروازە سنورییەکانی عێراق بردووە.


مستەفا عەبدولرەحمان سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێم لە لێدوانێکدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند: کۆربەندی ئابوری و بازرگانی سلێمانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەرێم و ئێرانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان ئەوەیە سەرنجی خاوەنکارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رابکێشن بۆ ئەوەی کاروباری بەرهەمهێنان بهێننە هەرێمی کوردستان، لە پێناو ئەوەی هەرێم ببێتە ناوچەیەکی وەبەرهێنەر لە بری بەکارهێنەر.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەندامەکانی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێم پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ خاوەنکارە ئێرانییەکان هەیە و ئەوەش هاوکاردەبێت بۆ ئەوەی رازیان بکەن تاوەکو کاروباری بەرهەمهێنان بهێننە هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکرد، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران ساڵانە زیاتر لە شەش ملیار دۆلارە و فراونی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێرانیش دەگەرێتەوە بۆ بوونی سێ دەروازەی سنووری نێوانیان و خێرایی پرۆسەی گواستنەوەی کاڵاکان.

مستەفا عەبدولرەحمان ئەوەشی ئاشکرا کرد، زۆربەی بازرگانەکان بەهۆی زۆری باج لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم روویان لە دەروازە و بەندەرەکانی سەر بە عێراق کردووە و نزیکی ٩٠٪ی جوڵە بازرگانییەکان لە دەروازە و بەندەرەکانی عێراق ئەنجام دەدرێت ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ کەمی باج و بوونی ئاسانکاری بۆ بازرگانان لە دەروازە سنورییەکانی عێراق.


گۆران لوقمان، سلێمانی













گەلەری