سەردێڕ:

سەرەڕاى راگرتنى پلەبەرزکردنەوە سەرۆکى حکومەت بە فرمانێک پلەى دوو کەس بەرزدەکاتەوە

PM:04:59:21/09/2021

15008 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە فرمانێکدا پلەى دوو کەس بەرزدەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا پلەبەرزکردنەوەى پێشمەرگە راگیراوە و زیاتر لەچوار ساڵە سەدان ئەفسەری ئەو وەزارەتە چاوەڕێی پلە بەرزکردنەوەن.


لە فرمانێکدا کە وێنەیەکى دەست ئێن ئاڕ تى کەوتووە، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە بە پلەبەرزکردنەوەى هەریەک لە عەمید روکن هۆشمەند حەیدەر رەشید بۆ پلەى لیوا و بەرزکردنەوەى پلەى موقەدەم فەرمان فەرهاد خدر بۆ پلەى عەقید".

بەگوێرەى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، عەمید هۆشمەند جێگرى سەرۆک ئەرکانە بۆ کاروبارى گشتى ئیدارە و میرە و عەمید روکن هۆشمەند حەیدەر جێگرى بەرێوبەرى گشتى ئیدارە و میرەیە و پێشتریش بە بڕیارێکى ترى سەرۆکى حکومەت پلەی ھەریەک لەعەمید روکن عیسا عەزیز محەمەد و عەمید بروسک ستار قادر بۆ پلەی لیوا، بەرزکرایەوە.

فرمانەکان لەکاتێکدایە زیاتر لەچوار ساڵە سەدان ئەفسەری وەزارەتى پێشمەرگە چاوەڕێی پلەبەرزکردنەوەن و لەساڵی ٢٠١٨ەوە پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە راگیراوە.

پێشتر رزگار محەمەد بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان بەئێن ئاڕتی راگەیاند، "سەدان ئەفسەر و ٣٠٠ لیوا داوای پلە بەرزکردنەوە دەکەن و کاتیان ھاتووە".

دەربارەی ھۆکاری راگرتنى پلە بەرزکردنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە، رزگار محەمەد وتى :"وەزارەتی پێشمەرگە ھۆکاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوە بۆ نەبوونی پایە گەڕاندە".

ئەمە لەکاتێکدایە چەند ساڵێکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەفەرمانێک سەرجەم پلە بەرزکردنەوەکانی فەرمانبەرانی راگرتووەو سەرەڕای چاکبوونی دۆخی دارایی و ھاتنی ٢٠٠ ملیاری مانگانە لەلایەن بەغداوە تائێستا بڕیارەکە ھەموار نەکراوەتەوە.













گەلەری