تادێت فشارەکانى ئەمریکا لەسەر پارتى و یەکێتى زیاتر دەبێت بۆ هەڵبژاردن و یەکخستنى پێشمەرگە، هەر بەهۆى فشارەکانەوە سەرۆکی پارتی لە ئەمریکا نیگەرانە و سەرۆکى یەکێتیش دەڵێت ئەگەر بەقسەى ئەمریکا نەکەن واشنتۆن پشتوانییەکانی رادەگرێت.
بەپێى زانیارییەکان مەسعود بارزانى سەرۆکی پارتی لە دواین کۆبونەوەى کۆمیتەى ناوەندى حزبەکەیدا رەخنەى توندى لە ئەمریکا گرتوە و وتویەتى، دەستتێوەردان لە کاروبارى هەرێم دەکەن.
دواتریش لە راگەیەندراوەکەی
کۆمیتەى ناوەندى ئەو حزبەکەدا بە روونى نوسیبویان کە سیاسەتى ئەمریکا لەگەڵ بەرژەوەندى
هاوپەیمانەکانی ئەمریکا ناگونجێت و بووەتە هۆى ئاڵۆزى ناوچەکە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو
فشارانەى واشنتۆن لەسەر دەسەڵاتى هەرێم دروستى کردووە بۆ هەڵبژاردن و یەکخستنى پێشمەرگە.
دەرهاویشتەى فشارەکانى ئەمریکا
لەسەر پارتى هاوکاتە لەگەڵ لێدوانێکى بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتی بۆ میدیاییەکى بەریتانى
کە دەڵێت، "تا ئێستا پێشمەرگە یەکنەخراوە و ئەمریکاش هۆشداریداوە، بۆیە ئەگەر
بە قسەى ئەمریکا نەکەین، هاوکارییەکانیان رادەگرن."
فشارەکانى ئەمریکا لەسەر
پارتى و یەکێتى دواى ئەوەدێت، کە بە نایاسایی خولى پینجەمى پەرلەمانى کوردستانیان
درێژکردەوە و پاشانیش هیچ هەنگاوێکیان نەماوە بۆ یەکگرتنەوەى هێزە چەکدارەکان کە ئەمریکا
مەبەستێتى پێشمەرگە بکرێتە هێزێکى نیزامى و چیتر حزب تەحەکومى پێوەنەکات.