سەردێڕ:

عێراق بەنزینى بۆ لوبنان ناردووە؟

AM:09:44:18/09/2021

6304 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی عێراق بڵاوى کردەوە ، یەکەم گواستنەوەی رێککەوتنی "یەک ملیۆن تەن نەوت بۆ لوبنان لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و بەرھەمی بازرگانی" ئەنجامدراوە.


ئاژانسەکە ئاماژەى بەوە کرد "لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە ئەنجامدراوە، نیوەی ئەو ٣١ تەنە سووتەمەنییەی کە نێردراوە لە وێستگەی کارەبای ئەلزەھرانی لە لوبنان و نیوەکەی دیکەش لە وێستگەی کارەبای ناوچەی دێر عەمماری سەر بە شاری تەرابڵوس لە باکووری وڵاتەکە بەتاڵ کراوە".

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ھەفتەی داھاتوودا و لە چوارچێوەی ھەمان رێککەوتن سووتەمەنی دیکە بۆ لوبنان دەنێردرێت.

ئەوەش روونکراوەتەوە، ئەو سووتەمەنییەی کە دێت، کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی بەرھەمھێنانی کارەبا لە لوبنان.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیرانی لوبنانەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکوەزیران نەجیب میقاتی، زانیاری دەربارەی لادانى کەشتیی بارھەڵگری نەوتی لە وێستگەی کارەبای ناوچەی دێر عەمماری لە وەزیری وزە و سەرچاوەکانی ئاو وەلید فەییاز وەرگرتووە.

میقاتی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو سووتەمەنییەی کە لە عێراقەوە ھاتووە کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی بەرھەمھێنانی کارەبا لە لوبنان و گوتی: "حکوومەتی لوبنان، ھەموو ھەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ کەمکردنەوە بچڕانی کارەبا".

میقاتی، سوپاسی عێراقی کرد کە لەرێگەی رێککەوتنی نەوتەوە لەم دۆخە قورسەدا پاڵپشتیی لوبنانی کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ دابینکارانی سووتەمەنی بەشێوەیەکی ھاوتەریب ھەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی بنەڕەتیی قەیرانی کارەبا کە درێژخایەن بووە لە وڵاتەكە، دەنێین.

لوبنان، کە بە قەیرانێکی ئابووری گەورەدا تێدەپەڕێت، لە مانگی تەمووزدا رێککەوتنی یەک ملیۆن تەن نەوت لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و بەرھەمی بازرگانيی لەگەڵ عێراق واژۆ کرد.













گەلەری