سەردێڕ:

پارتێکی ئیسلامی کوردی دەقی سوێند خواردنی پەرلەمانی تورکیا رەتدەکاتەوە

PM:09:55:25/05/2023

6304 جار خوێندراوەتەوە

پارتی هودا پار کە پارتێکی ئیسلامی کوردییە لە تورکیا و هاوپەیمانى ئاک پارتى بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا و ئێستا چوار ئەندامى ئەو پارتە براوەى کورسیەکانى پەرلەمانن و دەقی سوێند خواردنی پەرلەمانی ئێستای تورکیا رەتدەکەنەوە.


لەوبارەیەوە سەرکان راملنی وتەبێژی حزبی هودا پاری ئیسلامی کوردی لە لێدوانێکدا بە میدیا تورکییەکانی راگەیاند، پێویستە سوێند خواردنی پەرلەمان گۆڕانکاری تێدا بکرێت کە لە مەراسیمى سوێند خواردنى پەرلەمانتارانى تازە هەڵبژێردراوى پەرلەمانى تورکیا دەخوێندرێت.

سەرکان راملنی ئاماژەی بەوەش کرد، دەقی سوێندخواردنەکە گونجاو نییە بۆ پەیڕەوی پارتەکەى ئەوان، چونکە ئەو سوێندە خزمەتی ئایدۆلۆجیایەک دەکات و ئەوەش هەڵەیە و پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، لەبەرئەوەى لەگەڵ بەرنامەی حزبێکی ئیسلامی کوردى وەک ئەوان ناگونجێت.

دەقی سوێندی پەرلەمانی تورکیا بریتییە لە "پارێزگاری لە بوونی دەوڵەت و سەربەخۆیی و یەکێتی و یەک پارچەیی دەکەم و سەروەری نەتەوەیەک ناکەمە مەرج و پابەند دەبم بە بڕگەکانی یاسا و کۆمار و دیموکراسیەت و عەلمانیەت و بنەماکان و چاکسازییەکانى مستەفا کەمال ئەتاتورک."

بە بڕواى شیکەرەوانى سیاسى، ئەم دەقی سوێند خواردنە پەرلەمانیە وا دەردەکەوێت لەگەڵ بەشێک لە داواکارییەکانی کوردانى باکوور نەگونجێت کە ئایدلۆجیا و ئامانجیان جیاوازە لە رێبازی مستەفا کەمال ئەتاتورکی عەلمانی کە ناوبراو بڕوایوابوو فرە نەتەوەیی لە تورکیا بوونى نیە.

حیزبى هودا پار، بە حیزبێکى توندڕەو ناسراوە، کە پێشتر پەیوەندی بە حزبوڵاى تورکیەوە هەبوو کە دواتر بەتۆمەتى پەیوەندیان بە تیرۆرەوە، کارو چالاکییەکانیان لە تورکیا راگیرا.

حیزبى هودا پار، لە ١٩ى کانونى یەکەمى ٢٠١٢ دروستبوو کە سەرەتا بەناوى بانگەوازى سەربەخۆى لێنرا.

قورسایى جەماوەرى ئەم حیزبە ئیسلامییە کوردیەى تورکیا، لە ناوچەکانى باشورى خۆرهەڵاتى تورکیا و باکورى کوردستان زیاترە، کە رێژەى پشتیوانان و لایەنگرانى ئەم حیزبە، لەنێوان ٠,٥% بۆ ١%

وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى ٢٠١٨، زەکەریا یایچى ئۆغڵو، سەرۆکى حیزبى هودا پار پاڵپشتى خۆى بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان راگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانى ئەمساڵیش بەهەمان شێوە چوە پاڵ هاوپەیمانى کۆمار بەسەرۆکایەتى ئەردۆغان و توانى لەو رێگەیەوە لە پەرلەمان چوار کورسى بەدەست بهێنن.













گەلەری