سەردێڕ:

دۆسیەى حزبەکانى رۆژهەڵات ئەعرەجى دەباتەوە ئێران

بارەگاى یەکێک لە حزبە کوردیەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە سلێمانى کە لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە بۆردومان کرا
PM:04:27:25/05/2023

6964 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لەماوەى چەند رۆژى داهاتودا قاسم ئەعرەجی راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق سەردانى ئێران بکات، لە دواى هەڕەشەکانى ئێران بەوەى عێراق لە رێککەوتنى تایبەتى بە حزبەکانى رۆژهەڵاتى جێبەجێ نەکردووە.


ئەمڕۆ پێنج شەممە، میدیا عێراقییەکان رایانگەیاند، دوای ئەوەی جارێکی دیکە ئێران هەڕەشەی هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەی هێزە چەکدارەکانی دژ بە ئێران کردووە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی تاران دەکات و راپۆرت و زانیارى لەسەر چالاکی هێزەکان و ئارامی سنورەکان دەداتە ئێران.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکان، جموجوڵێکی زۆر هەیە لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە کوردییەکان بۆ دورخستنەوەی هێزە چەکدارە کوردییەکانی دژی ئێران و جێگیر کردنی هێزی پاسەوانی سنور و حکومەتی سودانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکەوە کار دەکەن تاکو ئێران نەتوانێت بە هیچ پاساوێک هێرش بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.


سوپای پاسداران داوای هێرش دەکات

فەرماندەکانی ناو هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران پاڵپشتی لە هێرش کردنەوە دەکەن بۆ سەر بنکەکانی ئەو هێزانە و باسیان لەوەکردووە، بەغدا سستی نواندوە لە جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانیان بە رێگری کردن لە چالاکی ئەو هێزانە و بوونی میدیای ئاڕاستەکار بۆ جوڵانەوە لە دژی ئێران.

لای خۆشیەوە، بەرپرسێکی عێراقی ئەوەی ئاشکرا کردووە، سەردانەکە بۆ پێدانی کۆتا راپۆرت دەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونی ئارامی سنورەکان و رێگری کردن لە دوبارە هێرش کردنەوەی ئێران بۆ سەر هێزە کوردییەکان، هاوکات بەرپرسێکی کوردیش رایگەیاندووە، شاندێکى کورد یاوەری شاندەکە دەکەن.

لە بڵاوکراوەکان دا هاتووە، ئێران بەردەوام باس لە دزەکردن دەکات لە سنورەکان دا بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، لە کاتێک دا عێراق لە پێکهێنانی لیوای نوێی پاسەوانی سنور بەردەوامە کە بە درێژای ١٦٠ کیلۆمەتر سنوری نێوان عێراق و ئێران پڕ دەکەنەوە.

هاوکات رۆژی شەممەی رابردوو، محەمەد پاک پور فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای پاسدران رایگەیاند، داوایان لە عێراق کردووە تاوەکو ئەو هێزانەی دژی ئێران لە عێراق دەربکرێن و بە پێچەوانەوە هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت و عێراق بەڵێنی داوە، چەک لەو هێزانە دابماڵێت و هیوای خواست کە عێراق وەفاداری هەبێت بۆ بەڵێنەکەی.

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش باس لەوە دەکات، هەڕەشەکانی ئێران بۆ دروست کردنی فشارە لەسەر عێراق و وتیشی، "ئێستا ئەو هێزانە هیچ چالاکییەکی چەکداریان نیە لە ناو عێراق دا".

عەلی فەتلاوی، ئەندامی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، پەیوەندی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێران دا هەیە بۆ دۆسیەی هێزە کوردییەکان و ئێرانیش بەڵێنی ئەوەی داوە هێرش نەکاتە سەر ئەو هێزانە.

هاوکات، سەرمەد بەیاتی توێژەر لە بواری ئەمنی عێراق دەڵێت، دۆسیەکە پێویستی بە گفتوگۆی ماوە درێژ هەیە، بەڵام ئێران چارەسەری سەربازی هەڵبژاردووە و ئێستا ئەو هێزانە لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانن و رەنگە هەندێک لەو هێزانە دزەیان کردبێتە ناو سنورەکانی ئێران.

ئەوە لە کاتێک دایە، ساڵی رابردوو لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلول، سوپای پاسداران بە ٧٣ موشەک هێرشی کردە سەر بنکەکانی هێزە چەکدارییەکان لە ناو خاکی هەرێم و لە ئەنجام دا ١٣ کەس گیانیان لە دەست دا و ٥٨ کەسی دیکەش برینداربوون و هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی کۆیە و پردێ لە پارێزگاى هەولێر و ناوچەى زڕگوێز بوون لە پارێزگاى سلێمانى.













گەلەری