سەردێڕ:

لەم پارێزگایە هاوڵاتییەک توشی نەخۆشییەکی دەگمەن بوو

PM:10:52:12/09/2021

71628 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری نەینەوا بە میدیاکانی راگەیاند، دوابەدوای پشکنین و بەدواداچوون، دەرکەوتووە هاوڵاتییەك توشی نەخۆشیەک بووە کە لە رێگەى بەکتریاوە دەگوازرێتەوە.


نەجم جبورى، پارێزگارى نەینەوا ئاماژەى بەوە کرد "لە پارێزگاى نەینەوا کەسێک تووشى ڤایرۆسى ئەنتراکس ناسراو بە لاڕەشە بووە و پەڵەى رەش لەسەر جەستەى دەرکەوتووە".

 پارێزگارى نەینەوا وتیشى "بەو هۆیەوە خۆیى و خێزانەکەی و ستافی تەندروستی ئەو نەخۆشخانەیەى کە چارەسەریان بۆ کردبوو کەرەنتین کراوون".

جبورى روونیکردەوە، سەرجەم کەلوپەل و ئامێرەکان پاکژکراونەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لەئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بگیرێت.

لاڕەشە بەهۆی بەکتریای (باسیلەس ئانتراسیس) بۆ مرۆڤ دەگوێزرێنەوە، لە مێژوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوونەتەوە و قوربانی زۆریان لێکەوتووەتەوە.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک تۆمارکردنى ١٢ کەیسی گوماناویی توشبووى ئەو پەتایەیان راگەیاند و دواتر دەرکەوت شەش کەسیان توشبوون.

د. جێگر ئومێد دزەیی، پزیشکى دەرمانساز لەبارەى نەخۆشییەکە لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوە کردووە "لەجیهاندا پەتاکە ڤاکسینی هەیەو ساڵانە پێنج ژەم دەدرێت بەو کەسانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن، بەڵام بەهۆی دەگمەنی نەخۆشییەکەوە لە ئێستادا ڤاکسینەکە لە عێراق و هەرێمدا بەردەست نییە".

 

دەشڵێت "ئەنتراکس نەخۆشیەکی توشبوی جددییە بەهۆی بەکتریای گرام پۆزیتیڤی و بەکتریای رۆدی شێوە ناسراو بە باسیلۆس ئەنتراسیس دروست دەبێت. ئەنتراکس بە شێوەیەکی سروشتی لەخاکدا دەدۆزرێتەوەو کاریگەری لەسەر ئاژەڵی ناوخۆیی و کێوی لە هەمو جیهاندا هەیە. هەرچەندە لەهەریمی کوردستان و عیراق دەگمەنە، بەڵام خەڵک دەتوانن توشی نەخۆشی ئەنتراکس بن ئەگەر لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ ئاژەڵە توشبوەکان یان بەرهەمە ئاژەڵییە پیسەکان. پەیوەندی لەگەڵ ئەنتراکس دەبێتە هۆی نەخۆشییەکی سەخت لە هەردو مرۆڤ و ئاژەڵدا". 













گەلەری