سەردێڕ:

دوای ۳۱ ساڵ لەژێر فشارە نێودەوڵەتیەکاندا کوردستان لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی نوێدایە

PM:04:04:19/05/2023

8284 جار خوێندراوەتەوە

رۆژى پێنج شەممە، جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی لەسەر دوایین دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەشکرد و داواى کرد، "دەبێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەم ساڵدا بکرێت".


٣١ ساڵ بەسەر یەکەم هەڵبژاردن لە رۆژێکى وەک ئەمڕۆ ١٩ى ئایارى ١٩٩٢، کە دەکاتە ٣١ ساڵ لەمەوبەر، یەکەم هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدرا، ئەوەش یەکەم هەڵبژاردنى کورد بوو لە باشوورى کوردستان، کە بەهەرێمى کوردستان ناسراوە، لە دواى راپەڕینەکەى گەلى کورد لە بەهارى ١٩٩١.

لە بەرە بەیانى ١٩ى ئایارى ١٩٩٢، سندووقەکانى دەنگ دان بە رووى ٩٩٧ هەزار و ٢٢٩ دەنگدەرى کورد لە هەرێمى کوردستان کرایەوە، کە رێژەى بەشداریکردنى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بە زیاتر لە ٨٥% خەمڵێندرا، کە تیایدا بۆ هەڵبژاردنى ١٠٠ پەرلەمانتار چوونە سەر سندووقەکانى دەنگدان و پڕۆسەکە بە ھاوکاری و پشتیوانیی چاودێرانی ده‌ره‌وه‌ و نەتەوە یەکگرتوەکان بەڕێوەچوو.

هاوکات لەگەڵ ئەوەش دا پێنج کورسى تایبەت کرا بۆ کەمینەکانى سریانى و بەمەش کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان بووە ١٠٥ کورسى.

ئەو حیزبەی كورسی بە دەست دەھێنا دەبوایە زیاتر لە ٧%ى دەنگەكان بە دەست بھێنێت، هەر لەو هەڵبژاردنەدا ١٧٨ بنكەی دەنگدان كرایەوە.

لە ٤ی حوزەیرانی ١٩٩٢، جەوھەر نامیق سالم وەك سەرۆكی پەرلەمان ھەڵبژێردرا، فوئاد مەعسوم وەك سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دیاری كرا.

لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢دا، لە ١٠ لیستی بەشداربوو، تەنیا ٣ لیست بۆ پەرلەمان سەركەوتن، بەڵام لە دوا ھەڵبژاردنی ھەرێمی كوردستان دا لە ٣٨ قەوارەی بەشدار، ١٦ قەوارە گەیشتنە پەرلەمان.

یەكەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەرەتایەكی گرنگ بوو لە قۆناغێكی نوێی بزوتنەوەی رزگاری خوازی كوردستان، بەوەی كورد سەلماندی كە توانای خۆبەڕێوەبردنی ھەیە و لە پڕۆسەی دیموكراسیش دا پێشەنگی ناوچەكەیە و بە یەكەم بەرھەمی راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی ١٩٩١ی خەڵكی باشوورى كوردستان دادەندرێت.

خولەکانى دیکە
به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ری ناوخۆ، له ‌2ی مایسی 1994 نه‌تواندرا هه‌ڵبژاردنی خولی دووه‌م ئه‌نجامبدرێ.

لەو چوار چێوەیەش پەرلەمانى کوردستان، هه‌ڵوێستی خۆی له‌ راگه‌یاندنێكی دیكۆمێنتەریدا كه‌ له‌ ١٩ خاڵ پێكهاتبوو دژی ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌ركرد و چه‌ندین لیژنه‌ی مه‌یدانیشی بۆ چاودێری كردنی جێبه‌جێ كردنی پڕۆسه‌ی ئاگربه‌ست و بریاردانی ئاشتی له ‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا پێكهێنا، هه‌روه‌ها ٥٩ ئه‌ندام بۆ ماوه‌ی ١٠١ رۆژ له‌ هۆڵێكی نێو په‌رله‌مان دژی شه‌ری ناوخۆ مانگرتنیان راگه‌یاند و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش له ‌ئاستی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی كوردستان پشتگیریه‌كی زۆری لێكرا.

ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گرژی ناوخۆ و زیاد بوونی مه‌ترسیه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌و دیمه‌كراسیه‌ته‌ ساوایه‌ی هەرێمى كوردستان، سه‌ره‌نجام په‌رله‌مانیشی كرده‌ قوربانی شه‌ڕی ناوخۆ و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر په‌كی كه‌وت و نه‌یتوانی رۆڵی خۆی ببینێ و ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات.

رێککەوتننامەى واشنتۆن رێكه‌وتنامه‌ی ئاشتی واشنتۆن كه ‌له ‌ساڵی ١٩٩٨ به ‌ئاماده ‌بوونی (مادلین ئۆڵبرایت) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وسای ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئه‌مەریكا له ‌نێوان جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى واژۆ كرا، په‌رله‌مانی كوردستان دامەزرایەوە.

له‌ ٤/١٠/٢٠٠٢، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی كرد و هه‌فته‌یه‌كیش دوای ئه‌وه، كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می له ‌سلێمانی ئەنجامدا.

ساڵ و خولەکانی پەرلەمان و هەڵبژاردنی کوردستان:
خولی یەکەم لە ١٩ی ٥ی ١٩٩٢
خولی دووەم لە ٣٠ی ١ی ٢٠٠٥
خولی سێهەم لە ٢٥ی ٧ی ٢٠٠٩
خولی چوارەم لە ٢١ی ٩ی ٢٠١٣
خولی پێنجه‌م لە ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨.


ئەمڕۆش، كە 31 ساڵ بەسەر ئەو مێژووە تێپەڕیوە، پەرلەمانی كوردستان تاوەکو ئێستا پێنج جار هەڵبژاردنی دیكەی ئەنجامداوە و بەهۆی تەواو بوونی ماوەكەی و رێك نەكەوتنی حیزبەكان لەسەر هەڵبژاردنی خوولی نوێ‌، پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی بە نایاسایى درێژكردوەتەوە.

لەدوای دروستبوونی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە لە ٣١ ساڵی رابردوودا هاووڵاتیانی هەرێم پێنج جار بەشداری هەڵبژاردنی گشتیان کردووە و روویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد، بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانی خۆیان.

سەردەمێکى جیاواز
لە ساڵى ٢٠١٨ەوە گۆڕانکارى نوێ هاتوەتە ئاراوە و ئۆپۆزسیۆنێکى نوێ لە دایک بوو ناوى لە خۆی ناوە جوڵانەوەى نەوەى نوێ، کە ئێستا و دواى تێپەڕ بوونى ٥ ساڵ بەسەر دروست بوونیدا، ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێزە و کێبڕکێ دەکات لەگەڵ حیزبەکانى دەسەڵات و بەڵێنى ئەوەی داوە ئەگەر ببنە یەکەمى هەڵبژاردن، سیستەمى حوکمڕانى لە هەرێم بگۆڕێت و هاوکات داواى لە تەواوى خەڵکى کوردستان کردووە، بە گڕوتینێکى بە هێزەوە بەشدارى هەڵبژاردن بکەن و گۆڕانکارى راستەقینە لە ژیانیان و خزمەت گوزارى و حوکمڕانى و نەهێشتنى نا دادى لە هەرێم ئەنجام بدەن.

ئێستا چاوەکان لەسەر ئەم هەڵبژاردنەیە، حکومەتەکانى وڵاتانى خۆرئاوا و کۆمەڵى نێودەوڵەتى، سورن لەسەر ئەوەى هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا ئەنجام بدرێت، دوایین داواکارى و هۆشداریش بە یەکێتى و پارتى، نێردەى تایبەتى یۆنامى بوو لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، کە داوای لە یەکێتى و پارتى کرد، ئەگەر هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا ئەنجام نەدەن، ئەوا متمانەى نێودەوڵەتى لە دەست دەدەن.

ئەمە لە کاتێک دایە بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵ دا هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

دانیار فاروق













گەلەری