سەردێڕ:

دەنگی کورد لە پارسەنگی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا

PM:06:04:07/05/2023

3044 جار خوێندراوەتەوە

١٤ی ئەم مانگە هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە تورکیا، ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت سیستمی حکومڕانی لە تورکیا بگۆڕێت و ئەردۆغانیش دوای ٢٠ سڵ لە حکومڕانی چاوی لە گەڕێکی نوێی سەرۆکایەتییە.


هێزە کوردییەکان کە چاوەڕێدەکرێت سەروی ١١٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنن، یەکلاکەرەوە دەبن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی تورکیادا و چاوەڕێدەکرێت نەخشەی سیستمی حکومڕانی تورکیای نوێ لەسەر دەستی کورد دابڕێژرێتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلۆمبێرگى ئەمەریکى، پارتی چەپی سەوز کە پارتى دیموکراتى گەلان، هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا دەکات، کورسیەکانی زیاد بکات و ببێتە هێزی یەکلاکەرەوە لەپەرلەمانی تورکیا.

بلۆمبێرگ لەراپۆرتەکەدا نوسیویەتی، "سیاسەتمەدارە کوردەکان کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆگانەوە بە 'تیرۆریست' ناوزەدکراون، لە ئێستاوە بونەتە هێزێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی ئەردۆگان و رەنگە ببنە هێزێک لەپەرلەماندا کە کاریگەریان لەسەر دەسەڵاتی بڕیاردان هەبێت و پەرلەمانێک پێکبهێنن کە هیچکام لەلایەنەکان نەتوانن بە تەنیا بڕیار بدەن."

بلومبێرگ ئاماژە بەوەی کە پشتیوانیی پارتی چەپی سەوز لە کەمال کڵچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن گرنگییەکی یەکلاییکەرەوەی هەیەو هۆکارەکەشی ئەوەیە، ئەردۆگان دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ فشاری زۆری خستوەتە سەر هەدەپەو دوای هەڵبژاردنی ١٤ ئایار، رەنگە سیاسەتمەدارانی کورد لەدوای ساڵانێک ببنە خاوەن سەنگێکی بەرچاو لەپەرلەماندا.

بلومبێرگ ئەوەشى ئاشکراکردوە، پارتی چەپی سەوز کە بەهۆی مەترسی داخستنی، هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا کردوە، پێشبینیدەکرێت ببێتە سێیەم گەورەترین پارت لەپەرلەمان و ژمارەی کورسییەکانیشی زیاد بکات، ئۆپۆزسیۆن تەنیا بەپشتیوانی چەپی سەوز کە لایەنگرانی کوردن و هاوپەیمانی چەپەکانە، دەبێتە هێزی یەکلاکەرەوە لەپەرلەماندا.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، لەگەڵ پێنج پارتی چەپی تورکیا هاوپەیمانی رەنج و ئازاد پێکهێناوەو بەگوێرەی زۆرینەی راپرسیەکان دەتوانێت زیاتر لە ١١٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

بەرپرسانی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی رایانگەیاندووە کە ئامانجیانە ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن کە لەو حاڵەتەدا، کوردو چەپەکان رۆڵێکی یەکلاییکەرەوە لە بڕیارەکانی تورکیادا دەگێڕن.

ئێستا کەمال کڵیچدارئۆغڵوی ٧٤ ساڵ، به‌هۆی پشتیوانی كوردو ته‌واوی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان گەورەترین چانسی هەیە كه‌ كۆتایی به‌سه‌رده‌می ئەردۆگان بهێنێت كه‌ زیاتر لە ٢٠ ساڵە دەسەڵاتداری یه‌كه‌می توركیایە.

هه‌رچه‌نده‌ له‌سیسته‌می توركیادا، گره‌وی ته‌واو له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن ناكرێت، به‌ڵام كڵیچدار ئۆغلو چه‌ند به‌ڵێنكی به‌كورد داوه‌ له‌وانه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ده‌په‌، دوه‌م نه‌هێشتنی سیسته‌می قه‌یوم له‌ناوچه‌ كوردییه‌كان و دوبارە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کورد لە پەرلەمان.



دانیار فاروق












گەلەری