سەردێڕ:

دواى ١٢ ساڵ جارێکیتر سوریا گەڕایەوە سەر مێزى کۆمکارى وڵاتانى عەرەبى

PM:02:48:07/05/2023

2696 جار خوێندراوەتەوە

دواى کۆبونەوەیەکى داخراوى وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبى، جارێکیتر ئەندامێتى سوریا لە کۆمکارى گشتى وڵاتانى عەرەبى کاراکرایەوە، کە ماوەى ١٢ساڵە ئەندامێتى ئەو وڵاتە سڕکراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاشکرایکرد، وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبى، رەزامەندبون بە گەڕانەوەى سوریا بۆ نێو کۆمکارى گشتى وڵاتانى عەرەبى.

ئاماژەى بەوەشکردووە، دیپلۆماسیەتى گفتوگۆکان و هەوڵەکانى عێراق لەگەڵ کۆمکارى وڵاتانى عەرەبى، کاریگەرى ئەرێنییان هەبوو لەسەر گەڕانەوەى سوریا بۆ نێو کۆمەڵەى ناوبراو.

پێشتر وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق باسی لەوەکردبوو، عێراق رۆڵى خۆى بەباشى دەگێڕێت لە گۆڕانکارى بۆچونى وڵاتانى عەرەبى لەسەر سوریا، هاوکات بە هەمانشێوە رۆڵ دەبینن لە چارەسەرکردنى کێشەکانى سودانیش.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە میانەى کۆبونەوەى وەزیرانى وڵاتانى عەرەبى، سامح شوکرى وەزیرى دەرەوەى میسر رایگەیاند، "تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى سوریا، تێپەڕاندنى کێشە سیاسییەکانێتى، بەبێ دەستتێوەردانى دەرەکى"، وتیشى: "بەهیچ شێوەیەک چارەسەرى سەربازى قەیرانى سوریا چارەسەرناکات".

لە ساڵى ٢٠١١، دوای ئەوەى بەهارى عەرەبى و شەڕى ناوخۆ بەرۆکى سوریاى گرت، کۆمکارى گشتى وڵاتانى عەرەبى، ئەندامێتى دیمەشقى لە کۆمەڵەکە هەڵپەسارد.

لە ماوەکانى رابردووش، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەربازکردنى سوریا لەو گۆشەگیرییەى دەستیپێکردو هەریەک لەعەرەبستانى سعودیەو میسرو ئیمارات، کۆبونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى سوریا ئەنجامدا.

ئێستا سەرجەم وڵاتانى عەرەبى، لە هەوڵى ئەوەدان بگەنە رێککەوتنێکى دیکە، تاکو بانگهێشتى بەشار ئەسەد سەرۆکى سوریا بکەن، لە کۆبوونەوەى داهاتوى لوتکەى کۆمکارى گشتى وڵاتانى عەرەبى بەشدارببێت، کە بڕیارە لە ١٩ى ئەم مانگە لە شارى ریازى پایتەختى عەرەبستانى سعودیە، بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و مەرجەکانى کۆمەڵەکە لەسەر سوریا کۆببێتەوە.













گەلەری