سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لە رۆژی جیهانیی کرێکارانیشدا؛ کرێکارانی هەرێم بە دوای کاردا دەگەڕێن

AM:10:10:01/05/2023

3072 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی ١ـی ئایار وەک رۆژی کرێکاران لە جیهاندا دیاریکراوە و لەم رۆژەدا لە زۆرێک لە وڵاتان کرێکاران دوای زیادکردنی کرێی کارکردن دەکەن، بەڵام کرێکارانی هەرێم تاوەکو ئێستا کاریان دەستناکەوێت.


کرێکارێک کە خاوەن پێداویستی تایبەتیشە بە ئین ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی ٢٠ ساڵە کرێکارە و حکومەتی ماوەبەرچووی هەرێمیش هیچ ئاوڕی لێنەداونەتەوە بە جۆرێک لە رۆژی جیهانی کرێکارانیشدا ناچارن کار بکەن چونکە یەک رۆژ کار نەکەن کاریگەری زۆر لەسەر بژێوییان دەکات.

یەکێکی دیکە لە کرێکارانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی ماوەبەرچووی هەرێمی هیچ هاوکارییان ناکات تەنانەت بەشێک لە هاوپیشەکانی لە کاتی کارکردندا کەوتوونەتە خوارەوە و حکومەت هیچ هاوکاریی نەکردوون.

کرێکاران باسیش لەوەدەکەن، هەندێک جار ٢٠ رۆژ جارێکیش کاریان دەستناکەوێت و کرێی کارکردنیان زۆر کەمە و بەشی بژێویان ناکات و حکومەتی ماوەبەرچووی هەرێمیش هیچ گرنگیان پێنادەن.

هاوکات، چالاک رەئوف سەرۆكی سەندیكای كرێكاران لقی سلێمانی باسی لەوەکرد تەنها لە مانگی رابردوودا سێ کرێکار لە سلێمانی گیانیانلەدەستداوە کە دووانیان عەرەب بوون، دەشڵێت،"هەندێک لە خاوەنکارەکان گیانلەدەستدانی کرێکارەکانیان دەشارنەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئامارەکان دەبێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سێ مانگی ئەمساڵدا هەشت هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەرکراون کە شەش هەزار و ٥٠٠ کرێکاریان کوردن و ئەوانی دیکەش کرێکاری بیانیین و بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو هەزار کرێکار زیادی کردووە.

بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە گشتی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ـدا لە هەرێمی کوردستان، ١٣٨ هەزار کرێکار دەستەبەرکراون، هەروەها مۆڵەت بە ١٩٧ کۆمپانیا دراوە کە کرێکاری بیانیی دەھێننە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەو ژمارەیەدا تەنیا ٥١ کۆمپانیا کار دەکەن و ئەوانی دیکە یان راگیراون یان لە لیستی رەشدان.

 

 بەپێی ماددەی ٢٣ـی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کە باس لە یاساکانی کارکردن دەکات هەموو کرێکارێک مافی ئەوەی هەیە بەپێی کارەکەی موچەی پێبدرێت بەجۆرێک بەشی ژیانێکی شکۆمەدانە بکات بۆ خۆی و خێزانەکەی و ئەگەر موچەکەی بەشی نەکرد لەرێگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکرێت، لە هەرێم کرێی کاردنی کرێکاران ریکنەخراوە و بەشێکیان بیمەی سەلامەتی و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نییە و ئەگەر لەسەر کارەکانیان رووبەڕووی هەر مەترسییەک ببنەوە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت.













گەلەری