سەردێڕ:

لە ململانێی ئەردۆغان و کلیچدار ئۆغڵۆ کامیان براوە دەبن؟

PM:04:27:28/04/2023

4944 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی چەند راپرسییەک کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ سەرۆکی پارتی کۆماری تورکیا "جەهەپە" و کاندیدی " هاوپەیمانی میللەت" بەڕێژەی ٤٧.٥٪ لە پێش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا و کاندیدی ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانی بە رێژەی ٤٤.٤٪ لەدوای کلیچدار ئۆغلۆیە.


لە ئێستادا، میتحەت سانجار هاوسەرۆكی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیا پشتگیری لە (كەمال كلچدار ئۆغڵو) كاندیدی هاوپەیمانی میللەت دەكەن.

ئاماژەی بەوەشدا، دوو ئامانجی ستراتیجییان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە ئەوانیش كۆتاییهێنانە بەرژێمی تاكە كەسی و بوونیان بە كاریگەرترین هێز لەگۆڕانكاری دیموكراسیدا.

وتیشی، " ئەو ئامانجانەش دیارە لەگەڵ كەمال كلیچدار ئۆغڵو یەكدەگرنەوە بۆیە پشتیوانی دەبین".

میتحەت سانجار ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەڵبژاردنە بە گرنگترین هەڵبژاردن دەبینن لە مێژوی توركیادا، بۆیە بڕیاریانداوە پشتیوانی لە "كەمال كلیچدار ئۆغڵو" بكەن.

هاوکات، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە، سێ رۆژە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی ئاکپارتی و مەهەپە نەیتوانییوە بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بکات.

لەماوەی رابردوودا، ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەگەرچی بەشێوەیەکی زانستی و ورد ئامارێک لەبەردەستدانییە تا رێژەی دەنگدەرانی کورد لە تورکیا دەستنیشانبکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە. بەڵام پارتە کوردییەکان بەسەر هاوپەیمانێتییەکاندا دابەشبوون و نەیانتوانیوە هێڵی گشتی یەکگرتووییان بپارێزن.

لە رێکەوتی ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٣ موسلم دۆغان وەزیری پێشووی گەشەپێدان لەکابینە وزارییەکەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیش چاویان لە بەدەستهێنانی دەنگی کوردە، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکی بەرچاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نیشان نادەن.

وتیشی، دوای هەڵبژاردن هەر ئەنجامێک بێت با بێت، بەڵام بۆ ئاشتی هەمیشەیی دەبێت حکومەتی نوێ کێشەی کورد چارەسەر بکات.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، کێشەکانی تورکیا وەک جاران بەردەوام دەبن.

لە ئێستادا دەنگی کورد ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی تورکیا یەکلایی دەکاتەوە، کە بەگوێرەی راپرسییەکان و بەهۆی ئەوەی هەدەپە پشتیوانی بۆ کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ دەربڕیوە، پێدەچێت جارێکی دیکە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا کە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

بڕیارە لە ١٤ی ٥ی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی و کەمال کلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە دوو کاندیدی رکابەری یەکترن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە. بەڵام پارتە کوردییەکان بەسەر هاوپەیمانێتییەکاندا دابەشبوون و نەیانتوانیوە هێڵی گشتی یەکگرتووییان بپارێزن.

کـ - ئـ













گەلەری