سەردێڕ:

کەوتە داوی خۆشەویستی و وازی لە قەشەیەتی هێنا

PM:03:02:09/09/2021

4924 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی مانگی رابردوو قەشەیەکی ئیسپانی وازهێنانی خۆی لە قەشەیەتی راگەیاند، کەنیسەی کاسۆلیکی رۆمانی هۆکارەکەی بۆ هۆکاری کەسی گەڕاندەوە، لەئێستادا میدیاکانی ئیسپانیا دەڵێن، "ئەو قەشەیە بەهۆی خۆشویستنی ژنێکەوە وازی لە قەشەیەتی هێناوە."


بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا ئەو قەشەیە ناوی "خەیڤەر نۆوڤڵ"ە و بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە خۆشەویستی خانمە نووسەر "سڵیڤیا کاباڵۆڵ"ی دەروونزان و رۆماننووس وازی لە کاری قەشەیەتی هێناوە. بەڵام ئەو قەشەیە تەنها وازی لە کاری قەشەیەتییەکەی هێناوە نەوەک لە ئایینەکەی.

قەشەکە ناوی خەیڤەر نۆوڤڵە، تەمەنی ٥٢ ساڵە، لەساڵی ٢٠١٠دا کە تەمەنی ٤١ ساڵ بوو، وەک گەنجترین قەشەی ئیسپانیا لە ناوچەی سۆڵۆسنا لە باشوری رۆژهەڵاتی ناوچەی کەتەلۆنیا دەستی بەکاری بانگخوازی کرد.

ئەو خانمەی کە خەیڤەر خۆشیویستووە، ناوی "سڵیڤیا کابالۆڵ"ـە و تەمەنی ٣٨ ساڵە، هەرچەندە هەریەکە لە قەشەکە و سڵیڤیا وەڵامی هیچ یەکە لە ئەو راپۆرت و هەواڵانەیان نەداوەتەوە کە لەبارەی پەیوەندییەکەیانەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام رەتیشیان نەکردووەتەوە.

هاوشێوەی ئەو رووداوانە لە وڵاتانی دیکەشدا زۆرن و بەشێکیان وەک ئەفسانە و بەشێکیان وەک چیرۆک و بەشێکیان رووداوی راستەقینەن و دەوماودەم گێڕدراونەتەوە، لە نموونەی ئەو جۆرە رووداوانەش شێخی سەنعان هەیە. کە ئەو شێخە لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا رابەری کاروانێکی چوون بۆ حەج دەکات و لە نزیک شاری تیفلیس بۆ پشوو دەوەستن، لەو کاتەشدا دڵی دەچێت بە کچی حکومداری ناوچەکەدا کە موسوڵمان نییە و بڕیار دەدات بمێنێتەوە و ئەوێ جێنەهێڵێت.













گەلەری