سەردێڕ:

ئه‌ردۆغان له‌ نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ده‌په‌ و ئه‌مریكا له‌ جه‌هه‌په‌ نیگه‌رانه‌

AM:11:55:04/04/2023

2924 جار خوێندراوەتەوە

به‌پێی راپرسییه‌كان، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا و كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ى لاوازه‌، نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ده‌په‌ و ئه‌مریكاش له‌ كه‌مال كلچدار ئۆغلۆی ركابه‌ره‌كه‌ى، زیاتر نیگه‌رانیكردووه‌.


جیف فلیك باڵیۆزی ولایەتە‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ توركیا له‌ گه‌رمه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ناكۆكی له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا دروستكرد، کە باڵیۆزى ئه‌مریكا سه‌ردانی كه‌مال كلچدار ئۆغلۆ سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ و كاندیدی هاوپه‌یمانی (میلله‌ت)ی ئۆپۆزسیۆنی كرد و له‌گه‌ڵَیدا كۆبووه‌‌وه‌، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانی كۆماری ده‌سه‌ڵاتی لێكه‌وته‌وه‌.

لەو بارەیەوە ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا و كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تى توركیا هۆشداریدایه‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا و وتی، "پێویسته‌ نێرده‌ى جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا مێشكی به‌كاربهێنێت، ئه‌و سه‌ردانی كه‌مالی كردووه‌، ئه‌وه‌ شه‌رمه‌زارییه‌." وتیشی، "ئێمه‌ ده‌رگاكانمان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ڕووی باڵیۆزی ئه‌مریكادا داخستووه‌".

مشتومڕه‌كانی نێوان به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان تادێت گه‌رمتر ده‌بێت و كورد شه‌ڕى هه‌ڵبژاردنی هه‌ردوو به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتی گه‌رمكردووه‌.

هه‌ده‌په‌ سێهه‌م گه‌وره‌ پارتى توركیایه‌ به‌ ناوی پارتى چه‌پی سه‌وز، بەڵام له ‌چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیدا به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات.

كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌م دواییه‌ى سه‌ركرده‌ و رێبه‌رانی هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ و هاوپه‌یمانی میلله‌ت ئه‌وه‌ى ده‌رخستووه‌ كه‌ هه‌ده‌په‌ به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ لایه‌نگری كاندیدی ئۆپۆزسیۆن كلچدار ئۆغلۆ ده‌كات.

ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی ئه‌ردۆغانی لێکەوتووەتەوه‌ و له‌چوارچێوه‌ى چه‌ند لێدوانێكدا وەک توانجێک باسی لەوەکرد، "مێزی شه‌شی ئۆپۆزسیۆن به‌ هه‌ده‌په‌وه‌ بووه‌ حه‌وت، خۆشى هه‌ر حه‌وت بوو، به‌ڵام هه‌ده‌په‌ له‌ژێر مێزه‌كه‌دا بوو، ئێستا هاتووه‌ته‌ سه‌ر مێزه‌كه‌."

ئه‌ردۆغان له‌ درێژه‌ى لێدوانه‌كانیدا ئاشكرایكرد، "سه‌ركرده‌كانی جه‌هه‌په‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ و قه‌ندیلدا كۆبوونه‌وه‌، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگ به‌ كه‌مال كلچدار ئۆغلۆ بده‌ن، قه‌ندیل هیوایان به‌ ئۆغلۆ هه‌یه‌."

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كلچدار ئۆغلۆ پلانی هه‌په‌ كه‌ ئۆجه‌لان و ده‌میرتاش له‌ گرتووخانه‌كاندا ئازاد بكات.

به‌پێی دوایین راپرسییه‌كان كاندیدی ئۆپۆزسیۆن كلچدار ئۆغلۆ به‌بردنه‌وه‌ى 51%ی ده‌نگه‌كان له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه‌یه‌ به‌ 42%ی ده‌نگه‌كان.

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی راپرسییه‌كان هاوپه‌یمانی میلله‌ت له‌ پێش هاوپه‌یمانی كۆماره‌وه‌یه‌، به‌ڵام دواجار خاڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ی توركیا كورد و هه‌ده‌په‌یه‌، به‌جۆرێك پشتیوانی هه‌رلایه‌ك بكه‌ن سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن.

ئه‌زموونی هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ له‌ كاری پێكه‌وه‌ییدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانییه‌كان كاتێك پێكه‌وه‌ توانیان هه‌ردوو شاره‌وانی گه‌وره‌ى ئیسته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ربهێنن.













گەلەری