سەردێڕ:

لەبارەی یارمەتیدانی روسیا دژی ئۆکرانیا؛ ئەمریکا هۆشداریدایە چین

PM:09:27:19/02/2023

3404 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریداوەتە هاوتا چینییەکەی لەبارەی ئەگەری یارمەتیدانی مادی روسیا لە جەنگی ئۆکرانیا کە ئەنجامەکەی رووبەڕوونەوەی ئەمریکا و چینی لێدەکەوێتەوە.


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریداوەتە وانگ یی هاوتا چینییەیکەی لە ئەگەری یارمەتیدانی مادی روسیا لەلایەن ئەو وڵاتەوە لە جەنگی ئۆکرانیادا.

پێشی راگەیاندووە، ئەگەر چین هاوکاری ماددی پێشکەشی روسیا بکات، ئەوا ئەمریکا رووبەڕووی ئەو وڵاتە دەبێتەوە، چونکە ئەمریکا نیگەرانە لەوەی چین بیر لەوە بکاتەوە چەک بداتە مۆسکۆ.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە وتی، ئەمریکا زۆر نیگەرانە سەبارەت بەوەی چین بیر لەوە دەکاتەوە پشتیوانی کوشندە بۆ روسیا دابین بکات بکات و بۆ وانگی روون کردووەتەوە کە ئەوە دەرەنجامێکی جددیی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

دەشڵێت، چەندین پشتیوانی کوشندەی هەمەجۆر هەن کە ئەوان بیر دەکەنەوە دابینی بکەن، بە چەکیشەوە. هەربۆیە، واشنتۆن بەمزووانە وردەکاری زیاتر بڵاو دەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، چین هەوڵدەدات بە هەردوو ئاڕاستەکەدا بڕوات، لەلایەکەوە بانگەشەی ئەوە دەکات دەیەوێت یارمەتیدەر بێت لە ئاشتی و سەقامگیریدا و لەلایەکی دیکەشەوە و لە هەمان کاتدا هەنگاوینیگەرانکەر دەگرێتەبەر بۆ پشتیوانیکردن لە داگیرکارییەکەی روسیا لە ئۆکرانیا.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا زۆر روون بووە لە هۆشداریدان سەبارەت بە ئاڵۆزی و دەرەنجامەکانی ئەوەی ئەگەر چین پشتیوانی ماددی بۆ روسیا دابین بکات یاخود یارمەتی روسیا بدات لە خۆدزینەوە لە سزاکان بە شێوەیەکی رێکخراو.

لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی میونخدا، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەکەش لەبارەی باڵۆنە چینییەکەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە وتی: ئەمریکا توشی هیستریا بووە.

باسی لەوەشکرد، باڵۆنی زۆر هەن لە سەرانسەری جیهاندا، زۆرێک لە وڵاتانیش هەیانە. کەواتە ئایا ئەمریکا هەموویان دەخاتە خوارەوە؟

لەو بارەیەشەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، " زۆر بە سادەیی پێم وت ئەوە جێی قبوڵکردن نیە و هەرگیز نابێت دووبارە ببێتەوە."

وتیشی، وانگ یی هیچ داوای لێبووردنێکی نەکرد. ئاماژەشی بەوەدا لەگەڵ وانگدا باسی لەوە نەکردووە کەی سەردانی چین دەکات.

لە ماوەی رابردوودا، باڵۆنێکی چینی سنوری ئاسمانی ئەمریکای بەزاند و دواتر سوپای ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەوە باڵۆنەکەی خستەخوارەوە. بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، باڵۆنەکە کاری سیخوڕیکردنبووە بەسەر دامەزراوەکانی ئەمەریکا. لەبەرامبەریشدا چین وتی، ئەرکی باڵۆنەکە چاودێریکردنی کەشوهەوا و گۆڕانەکانی بووە. ئەمەش بووە هۆی ئاڵۆزتربوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و چین.













گەلەری