سەردێڕ:

ئەم کەسانە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ دەیانگرێتەوە

AM:12:08:01/09/2021

190320 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئەو هۆکارانەی روونکردەوە کە بۆچی حکومەتی "خزمەتی سەربازیی زۆرەملێی" ی پەسەند کردووە، هاوکات تەمەنی پێویست و ساڵانی خزمەتی و چۆنیەتی دیاریکردنی موچەش ئاشکرا دەکات.


عەباس سرووت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بڕیارەکە ئەرێنییە بۆ پێکهێنانی هێزێکی یەدەگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، گرنگە نەوەیەکی نوێ بە شێوەیەکی گونجاو درووست بکرێت، نەک ئەوەی لە شتی دیکە ڕایان بکات، چونکە سوپا کارگەی درووستکردنی پاڵەوانەکانە و ئەو رێکارەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوە بێکاری".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، کە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە و، موچەی خزمەتەکەش ئاستی ناوچەکە لەروویی سەلامەتیی و مەترسیدارییەوە دیاریدەکرێت. دەشڵێت، "تەواوی خزمەتەکە لە ساڵ و نیوێک تا دوو ساڵ بۆ ئەوانەی کە بڕوانامەیان نییە دەگرێتەوە".

هەروەها، بۆ ئەوانەشی کە بڕوانامەی ئامادەییان هەیە، خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بۆ ماوەی ساڵێک و ئەوانەشی دەرچووی زانکۆن شەش مانگ خزمەتی سەربازی زۆرەملێ، هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ماوەی دوو مانگ خزمەتی سەربازی زۆرەملێ دەیانگرێتەوە.

عەباس سرووت روونیشیکردەوە، تەمەنە پێویستەکان هەمان تەمەنی ڕژێمی پێشوون لە ساڵی ١٩٨٨ بەدواوە و لە ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ و لیژنەکان بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامێکی ورد پێکدەهێنرێن.

ئەمڕۆ، حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاسای سەربازی بەزۆرەملێی دەربڕی لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای خزمەتی ئاڵادا.

خزمەتکردنی سەربازی بەزۆرەملێ لە سەردەمی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراقدا جێبەجێدەکرا تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی ئەو دەسەڵاتە.

ساڵی ٢٠٠٣ بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق ئەو پڕۆژەیاسایە هەڵوەشێنرایەوە و جارێکی تر سوپا پێکهێنراوەیەوە و زۆرەملێیی سەربازی کۆتایی پێهێنرا.

جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەش لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "عێراق لە پێناو بە نیشتمانیکردنی هێزی سەربازی یاسای سەربازیی زۆرە ملێ دەردەکات."

وتیشی، "تا ئێستا نازانرێت یاسای سەربازی زۆرە ملێ هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە یاخود نا."

 













گەلەری