سەردێڕ:

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی عێراق

PM:01:16:28/08/2021

4472 جار خوێندراوەتەوە

هەریەکە لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفونییان ئەنجامدا و تیایدا جەختییان لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا کردووەتەوە.


لە راگەیەندراوێکدا؛ ئیمیلی هۆرن وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی جەیک سولەیڤان و فوئاد حسێنی ئاشکراکرد و تیایدا دەڵێت، "سولیڤان سوپاسی ئەو سەرەخۆشییەی کردوە کە عێراق دوای پەلامارە تیرۆريستییەکانی کابوڵ، لێیکردون".

تایبەت بە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی عێراق، راگەیەندراوەکە ئەوەی خستوەتەڕوو، "هەردوولا باسییان لە گرنگی رۆڵی عێراق لە ناوچەکە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بەغدا بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە و کەم کردنەوەی گرژییەکان کردووە ".

هاوکات، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگییە ئەمنییەکانیان بۆ ئەوەی رێگە نەدەن جارێکی دیکە داعش لە عێراق سەرهەڵبداتەوە.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفونەکانیشیاندا، جەیک سولەیڤان و فوئاد حسێن جەختیان لەوەکردوەتەوە، "لەپێناو رێگریکردن لە پڕوپاگەندە، سەرچاوەی دارایی داعش و هاتوچۆی چەکدارانی بیانی، هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیان درێژەپێدەدەن".

ئەمڕۆش، بەبەشداری سەرۆک و بەرپرسانی باڵای نۆ وڵاتی ناوچەکە و جیهان و دەیان راوێژکار و کەسانی بەرپرسی جیهانی، "لوتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی" بەڕێودەچێت، درەنگانی شەوی رابردووش ئیامنوێل ماکرۆنی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا گەشتە بەغدای پایتەخت و لەلایەن مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا.













گەلەری