سەردێڕ:

باوكێك ١٠ ساڵه‌ به‌دوای كچەکە‌یدا ده‌گه‌ڕێت

خوشکێکی ئایە وێنەکەی هەڵگرتووە
PM:03:01:14/07/2021

22872 جار خوێندراوەتەوە

لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠١١وە، ئایەی تەمەن دوو ساڵ و نیو لە قەزای خورماتوو دیار نەماوە و دوای ١٠ ساڵ لە ونبوونی، تا ئێستا ھیچ سۆراخێکی نییە.


لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠١١وە، ئایەی تەمەن دوو ساڵ و نیو لە قەزای خورماتوو دیار نەماوە و دوای ١٠ ساڵ لە ونبوونی، تا ئێستا ھیچ سۆراخێکی نییە.

کاتژمێر ھەشت و ٣٠ خولەکی بەیانی رۆژی یەکشەممە، شەشی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١١ کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، ئایە جه‌لیل لە ماڵی خۆیان دەرده‌چێت، دوای ١٠ ساڵ لە چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌، تا ئێستا ھیچ سۆراخێکی نییە.

ماوەی ١٠ ساڵە جەلیل وەلی باوکی، وێنەکەی ئایەی کچی لە باخەڵدایە کە ژمارەی خۆیشی لە خواری وێنەکەوە نووسیووە و گەڕەک بەگەڕەک و شار بەشاری وڵات دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئایە بدۆزێتەوە.

جەلیل وەلی ھێندە بەدوای ئایەی کچیدا گەڕاوە، چوار منداڵی ونبووی بەکەسوکاری خۆیان شادکردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ دەربارەی کچە گەورەکەی خۆی نازانێت.


سێ ژنی هێناوە

باوکی ئایە سێ جار پرۆسەی ھاوسەرگیری پێک ھێناوە و لە خێزانی سێیەمی یەکەم منداڵیان ئایە بوو و ئێستا چوار منداڵی تریان ھێناوەتە دونیاوە، بەڵام برینی ونبوونی ئایە ھەرگیز چارەسەر نەبووە.

جەلیل وەلی باوکی ئایە، مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە قوتابخانەیەکی قەزای خورماتوو، چیرۆکی دیارنەمانی ئایەی کچی گێڕایەوە و وتی: "کاتژمێر ھەشت و نیوی رۆژی شەشی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١١ کە ھاوکات یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، جلوبەرگی جەژنمان بۆ ئایەی کچمان کڕی و وەک نەریتی جەژن کچە گەورەکەمان رازاندەوە و لە پێش ماڵی خۆمان لەگەڵ ھاوڕێ و ھاوتەمەنەکانی سەرقاڵی یارییکردن بوو، ئێمەیش سەرقاڵی پێشوازییکردن بووین لە میوانەکانی جەژن، لەناکاو ئایە دیار نەما لەو ساتەوە شار و گەڕەک نەماوە سەری پیا نەکەم بۆ گەڕان بەدوایدا، بەڵام تائەم ساتە، ئایە ونە".

باوکی ئایە وتیشی: "ئێمە گومانمان لە گرووپە تیروریستییەکان نییە و ئایە لەبەرامبەر بڕێک پارە نەبراوە، چونکە تا ئێستا ھیچ کەس پەیوەندی نەکردووە بۆ ئەوەی لەبەرامبەر ئازادکردنی ئایەدا، داوای پارە بکات و تاکە گومانی ئێمە لەو ئافرەتە سواڵکەرانەی گەڕەکەکانە کە منداڵ دەڕفێنن و بۆ کاری سواڵکردن بەکاریان دەھێنن".

جەلیل وەلی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ١٠ ساڵە ھەموو شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ گەڕان بەدوای ئایەدا، کەچی تەنانەت نەیتوانیوە بگات بە ھیچ سەرەداوێک و وتی: "ھیچ شتێکم لەسەر ئایە نەدۆزییەوە و تا ئێستایش بەردەوامم و ھەرگیز ئەو روخسارە جوان و ناسک و سپیەی ئایەم لەبیردەرناچێت، ھەرگیز ئەو قژە زەردە لیو سوورەی ئایەم لەیادناچێت و ھەمووکات ئەو رووخۆشی و پێکەنینە جوانەی ئایەکەم لەبەرچاومە".


٤ منداڵی دۆزیوەتەوە

باوکی ئایە دەڵێت:" بۆ گەڕان بەدوای ئایەدا، چوار منداڵی ونبووم بەکەسوکاریان شادکردۆتەوە و بەھۆی بڵاوبوونەوەی زۆری کەیسەکەی ئایەی کچم، ھەموو ئەو کەسانەی کە ھاوشێوەی من منداڵەکانیان ونبوون لە عێراق پەیوەندیمان بەیەکەوە دروست کرد و لەکاتی دۆزینەوەی ھەرسەرەداوێکدا ھاوکاری یەکترمان دەکرد لە گەڕان بەدوای منداڵەکانمان، بۆیە رۆژێک ھەواڵم بۆھات کە منداڵێکی خەڵکی بەسرە بەناوی مەلەک-ەوە ماوەی ٢٠ رۆژە دیار نەماوە و ونبووە کە ھاوتەمەنی ئایەی کچم بوو، دوای گەڕان بەدوایدا ھەواڵی دۆزینەوەی منداڵێک لە موسەیەب (سەربە پارێزگای بابل) بڵاوبووە و منیش گومانم ھەبوو ئایەی کچم بێت، بۆیە لێرەوە چومە قەزای ئەسکەندەریە (باشووری بەغدا) و بینیم ئەم منداڵەی ونبووە ئایە نییە، بەڵکو ئەو منداڵەی شاری بەسرەیە کە ماوەی ٢٠ رۆژە ون بووە، کاتژمێر یەکی شەو بوو مەلەک-م خستە باوەشم و تەلەفۆنم بۆ کەسوکاری کرد و پێم گوتن ئەوە مەلەک-ی ئێوەم دۆزییەوە و ئێوە رزگارتان بوو، بۆیە دوعای خێر بۆمن بکەن بۆ ئەوەی ئایەیش بدۆزینەوە، تا ئێستایش پەیوەندیم لەگەڵ ئەو خێزانە بەسراویە ماوە و ئەوانیش بەردەوام وەکو خەڵکی و کەسوکارەکەم بەدوای سۆراخی ئایەوەن و ئایەیش لە ھیچ شوێنێک نییە".


وێنەکەی ئایە

جەلیل وەلی ئاماژەی بەوەیش دا کە دوای بڵاوکردنەوەی ژمارەی مۆبایلەکەی و وێنەی ئایەی کچی لە ھەموو عێراق، خەڵکێکی زۆر پەیوەندی کردووە و ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ ھاوکاریکردنی لە دۆزینەوەی ئایەی کچی و گوتی:

"بەڵام تەلەفۆنێکم بۆھات تەواوی ژیانی ئێمەی بێ ھیوا کرد کە ئافرەتێکی عەرەب بوو پەیوەندی کرد و بێ سەرەتا و ھەواڵ پرسین یەکسەر پێی وتم بەدوای ئایەوە مەگەڕێ ئایە ئێستا لە وڵاتی سووریایە و لە عێراق نەماوە و یەکسەر تەلەفۆنەکەی داخستەوە و ئیدی تا ئێستا ئەو ژمارەیە پەیوەندی بەمنەوە نەکردووە و لەو رۆژەوە من تیا ماوم و نازانم لە کوێ سۆراخی ئایە بکەم".


جەژن تراجیدیایە بۆ جەلیل

جەژن تراجیدیای خێزانێک کە ھەرگیز و ھیچ جەژنێک ئەم خێزانە دڵخۆش ناکات و لەگەڵ بانگی جەژندا، گریان و دڵتەنگی باڵ بەسەر تەواوی ئەندامانی ئەم خێزانەدا دەگرێت و تراجیدیای ونبوونی ئایەی کچیان بیرەخاتەوە و کە جەژن گەر بۆ ھەمووان مایەی دڵخۆشی بێت ئەوەی بۆ ئەم خێزانە گەورەترین تراجیدیایە و برینێکی ھێندە قوڵە سارێژبوونیشی پەیوەستە بەدۆزینەوەی ئایەوە کە لەم جەژنی قوربانەدا، ١٠ جەژنی قوربان دەکات کە ئایە ونبووە.

جەلیل وەلی هەروەها وتی: "وێنەی منداڵیی ئایەم بیرناچێت، بەڵام ئەوکاتەی دیارنەما تەمەنی دووساڵ و شەش مانگ بوو، بەڵام ئێستا ١٢ ساڵ و نیوە و دلێنام ئایە گەورەبووە و سیما و رووخساریشی گۆڕاوە و بڕواناکەم ئایە بناسمەوە مەگەر خودا ھاوکاریم بکات ئەگەر نا ١٠ ساڵ زۆرە و رووخساری منداڵی نامێنیت".


کەوسەر چی دەڵێت؟

لەسەر دیارنەمانی ئایە، کەوسەر جەوھەر دایکی ئایە بۆ ئاژانسی ئاناۆڵو وتی: "بەیانی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، جلی جەژنم لەبەر ئایە کرد و بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆماندا بۆ سەردانی ماڵی خزم و دراوسێەکان بیبەین، بەڕاستی ئەو رۆژە دڵخۆشبوین و دڵمان بەبوونی ئایە زۆر خۆشبوو، ھەموو ئەو خێزانە گرنگیمان پێی دەدا، بەڵام ئەو رۆژە دوا کۆتا رۆژی دڵخۆشی خێزانەکەمان بوو، رفاندنی ئایە و دیارنەمانی کاریگەری خراپی خستۆتە سەر دەرونمان و تا ئێستا ئەم خێزانە بەخۆمانەوە نین و منیش لەو رووداوەوە تووشی چەندین نەخۆشی بووم و بێ تاقەت و بێ ھیوام لە ژیان".

کەوسەر جەوھەر رایگەیاند کە وێنەی ئایەی ھەرگیز بیرناچێتەوە و ھیوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن بۆ ئایە کچی دەخوازێت کە لەھەر شوێنێکی دونیا بێت و وتی: "ھیوادارم ئێستا دڵخۆش بێت".

کەوسەری دایکی ئایە گلەیی لە دەسەڵات و بەرپرسانی ئیداری قەزاکەی دەکات کە ھیچ شتێکیان بۆ کەیسەکەی ئایە نەکردووە و ھیچ ھاوکاریەکی ئەوانیان نەکردووە بۆ دۆزینەوەی ئایە و داوایشیان لێ دەکات یارمەتییان بدەن و گوتی: "بەڕاستی ئێمە ناخمان سووتاوە لە دووری ئایە و دەمانەوێت ئایەی کچمان بێتەوە باوەشمان و جارێکیتر پێی شادببمەوە".


جلەکانی جەژن

کەژاڵ شەوکەت باوەژنی ئایە لەسەر کەیسەکەی ئایە وتی: "من هاوسەری دووەمی ئەحمەدم و ھەرسێ خێزانەکە ئایەمان وەکوو منداڵی خۆمان خۆشەویست و ئایە خۆشی دەیزانی دایکی خۆی کێیە و بەمنیشی ئەوت دایە، چونکە وەکوو منداڵی خۆم خزمەتم ئەکرد و خۆشم دەویست، تەنانەت جلێکی کوردیم بۆ جەژنی قوربان بۆ ئایە کڕی و لەبەریم کرد، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێک قسەمان بۆ ھەڵدەبەستن بەبێ ئەوەی راستی رووداوەکە بزانن و بێ ئاگا لە خراپی دۆخی ژیانمان ھەندێک تۆمەتمان بۆ ھەڵدەبەستن کە ئێمە دەستمان لە رفاندنی ئایە ھەبوو بێت لەکاتێکدا، ئێمە ھەرسێ خێزانەکە زۆر کۆک و گونجاوین و ھەموومان بەداخین بۆ دیارنەمانی ئایە".

ئەو راشیگەیاند کە تا ئێستا یاری و جلەکانی ئایەی وەک یادگارییەک ھەڵگرتووە و وتی: "تا کۆتایی تەمەنم ھەموو ئەو یادگارییانەی لەدوای دیارنەمانی ئایەوە لای منە دەیپارێزم".

لەسەر کەیسەکەی ئایە، پەیوەندیمان بە بنکەی پۆلیسی قەزای خورماتوو و قایمقامی قەزاکەوە کرد و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە رووداوەکە ١٠ ساڵ بەرلەئێستایە و ئەوان ئاگاداری وردەکاری رووداوەکە نین، چونکە ئەوساتەی ئایە ونبووە ئەوان لەبەرپرسیارێتی ئەمنی و ئیداری نەبوون.

 

ئاژانسی ئانادۆڵۆ 













گەلەری