وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکانی سەر کۆیە و زڕگوێز، چەند بڕیارێکیان دەرکردووە و دەشڵێت، راگرتنی دەوام لە چەند قوتابخانەیەکی کۆیە بەردەوام دەبێت.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، سەردانی قەزای کۆیەی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکەدا کۆبووەتەوە بۆ شرۆڤە و بڕیاردان لەبارەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ چارەسەرکردنی دەرهاویشتەکانی بۆمبارانکردنی بەشێک لە سنوورەکە .
ئەوەشی
خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دراوە کە بریتین لە:
١- بەردەوامبوونی
ڕاگرتنی دەوام لە چەند قوتابخانەیەک کە پێشتر دەواممان تێدا ڕاگرتبوو و قوتابخانەکان
شوێنی دیکەیان بۆ دیاریکرابوو.
٢- بڕیاردرا
سبەی تیمی ئەندازیاری بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر سەردانی شاری کۆیە بکەن
و ڕەزامەندیماندا لەسەر دروستکردنی قوتابخانەیەک بە شێوازی کابینە و بە خێرایی بۆ
ئەم دۆخە نەخوازراوە لەسەر بودجەی وەزارەت.
٣- هەماهەنگی
لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کرا بۆ ئەوەی قوتابخابەیەک لە کۆیە دروست بکرێت.
٤- بەرێوەبەری
گشتیی پەروەردەی هەولێر راسپێردرا، سبەی میکانیزمێک بگرنەبەر بۆ ئەوەی لەگەڵ پەروەردەی
کۆیە تیمێک لە رێنمایکارانی پەروەردەیی سەردانی ئەو قوتابخانانە بکەن و کاری پێویست
ئەنجامبدەن بۆ باشکردنی لایەنی دەروونی قوتابیان و خوێندکارانی کاریگەر بە هێرشە
موشەکییەکان.
٥- بڕیاردرا
بە تەرخانکردنی بڕی پەنجا ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتی کارەکانی پەروەردەی کۆیە لە
دروستکردنی پۆلی خوێندنی زیادە بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشار بەهۆی داخستنی زیاتر لە
پێنج ناوەندی خوێندن .
٦- زیاتر
لە ٧١ ملیۆن دینار بڕیاری تەرخان و خەرجکردنی درا بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامادەیی کۆیە
و ئامادەیی تەقتەق.
لەبارەی
بۆردومانەکەی زڕگوێزیشەوە وەزیری پەروەردە ئەوەی خستووەتەڕوو، "هەر ئەمرۆ بەڕێوەبەری
پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی راسپێردرا کە رێکاری پێویست تاوتوێ بکەن سەبارەت بە
قوتابخانەی زڕگوێز و چۆنییەتی دەستبەرکردنی خوێندنی قوتابیان لە سنوورەکەدا."
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت،
بەیانی ئەمڕۆ ئێران بە موشەک و درۆن هێرشیکردە سەر ناوچەکانی کۆیە و زڕگوێز و سیدەکان
و بەهۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.