سەردێڕ:

زانکۆیەکی دیکەش دەوامی راگرت

PM:10:35:14/11/2022

11052 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین رایگەیاند، پشتگیری خۆیان لە داوای خوێندکارانیان دەردەبڕن و بۆ ماوەی سێ رۆژ دەوامی خوێندنی بەیانیان لە زانکۆکە رادەگیرێت.


ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین رایگەیاندووە، ئەنجومەنەکەی لە کۆبوونەوەیەکدا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، پشتیوانی خۆی بۆ داوای خوێندکاران پەیوەست بە خەرجکردنی پاڵپشتی دارایی دووپاتکردەوە.

ئەوەش هاتووە، ئەنجومەنەکە بڕیاریداوە بە راگرتنی دەوامی خوێندکاران لە سبەینێ سێشەممەوە تاوەکو کاتێکی نادیار.، دەشڵێت، بۆ قەرەبووكردنەوەی ماوەی فەوتاوی خوێندن لە داهاتوودا ئەنجومەنی زانكۆ بەپێی ساڵنامەی خوێندن ماوەی خوێندن درێژ دەكاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەریەکە لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی گەرمیانیش ئەمڕۆ پشتگیری خۆیان بۆ داواکانی خوێندکاران دەربڕی و دەوامی خوێندنیشیان راگرت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی باڵاوە بۆ ئەمساڵ، لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و راپەڕین و هەڵەبجە و گەرمیان و چەند زانکۆ و پەیمانگایەکی دیکەی هەرێم، لەسەر پێنەدانی دەرماڵەی خوێندکاران و دابیننەکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان خوێندکاران خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

ماوەی دوو رۆژیشە خۆپیشاندانەکان بەرفراوان بوون و بەو هۆیەشەوە گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خوێندکاراندا دروستبووە و هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکرێژیان بەرامبەر خوێندکاران بەکارهێناوە و گوللـەی پلاستیکییان بەسەردا تەقاندوون. جگە لەوەی رێگرییان لە رووماڵی خۆپیشاندانەکان کردووە لەلایەن راگەیاندنەکانەوە.

هـ.ئـ













گەلەری