سەردێڕ:

جارێکی دیکە بەشێکی خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکی سلێمانی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد

PM:09:59:14/11/2022

2540 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک بەر لە ئێستا خوێندکارانی بەشەناوخۆیی ئیسکان، لە کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.


ئەو خوێندکارانە بەدەر لە داواکاری سەرەکی خۆیان بۆ بە یاساییکردنی دەرماڵەی خوێندنیان، گرفتی دیکەشیان هەیە.

ئەو خوێندکارانە باس لەوە دەکەن، پێیان وتراوە دەبێت تاوەکو سبەینێ کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ بەشەناوخۆییەکان چۆڵ بکەن و ئەوانیش دژی داخستنی بەشەناوخۆییەکانیانن.

ئاماژە بەوەشدەکەن، داخستنی بەشەناوخۆیی و راگرتنی دەوامی زانکۆ بە بەشێک لەوە دەبینن بیانەوێت دەنگی ناڕەزایەتی خوێندکاران کپ بکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی باڵاوە بۆ ئەمساڵ، لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و راپەڕین و هەڵەبجە و گەرمیان و چەند زانکۆ و پەیمانگایەکی دیکەی هەرێم، لەسەر پێنەدانی دەرماڵەی خوێندکاران و دابیننەکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان خوێندکاران خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

ماوەی دوو رۆژیشە خۆپیشاندانەکان بەرفراوان بوون و بەو هۆیەشەوە گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خوێندکاراندا دروستبووە و هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکرێژیان بەرامبەر خوێندکاران بەکارهێناوە و گوللـەی پلاستیکییان بەسەردا تەقاندوون. جگە لەوەی رێگرییان لە رووماڵی خۆپیشاندانەکان کردووە لەلایەن راگەیاندنەکانەوە.

هەر ئەمڕۆش هەریەکە ئەنجومەنی باڵای لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی گەرمیان رایانگەیاند، پشتگیری خۆیان بۆ داوای خوێندکاران دەردەبڕن و لە سبەینێشەوە دەوامی خوێندکاران رادەگیرێت.
ئیحسان سابر، سلێمانی

هـ.ئـ













گەلەری