ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان رایگەیاند، پشتگیری خۆیان لە داوای خوێندکارانیان دەردەبڕن و بۆ ماوەی سێ رۆژ دەوامی خوێندنی بەیانیان لە زانکۆکە رادەگیرێت.
ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان رایگەیاندووە، ئەنجومەنەکەی لە کۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، پشتیوانی خۆی بۆ داوای ڕەوای خوێندکاران پەیوەست بە خەرجکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) دووپاتکردەوە.
ئەوەش هاتووە،
ئەنجومەنەکە داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەکات رەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی
گوژمەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە بدات.
ئەوەش راگەیاندراوە،
ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێدراوە و بە رەچاوکردنی ئەم دۆخە
ناهەموارە و لەبەر پاراستنی گیانی خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، بڕیاریدا:
١- راگرتنی دەوامی خوێندنی بەیانیان ( بەکالۆریۆس)
بۆ رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە (١٥-١٧ /١١ /٢٠٢٢ ) .
٢- بەشە زانستییەکان خشتەی تاقیکردنەوەکان
دوا دەخەن بۆ رۆژانی دواتر .
٣- ساڵنامەی خوێندن؛ جارێکی تر پێداچوونەوەی
پێدا دەکرێت و بەپێی پێویست قەرەبووی رۆژانی خۆپیشاندان دەکرێتەوە .
٤-راگرتنی دەوام، خوێندنی ئێواران و خوێندنی
باڵا و دەوامی کارگێری سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێجەکان ناگرێتەوە .
٥- بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی گەرمیان تا
کاتژمێر (١١)ی پێش نیوەڕۆی سبەینێ سێشەممە (١٥-١١-٢٠٢٢) لە خزمەتی خوێندکاران دەبن،
دواتر کاری نۆژەنکردنەوەیان تێدا بەردەوام دەبێت .
ئەمڕۆش، نووسینگەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند،
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بڕیاریدا بە راگرتنی پرۆسەی
خوێندن لە زانکۆی سلێمانی لە رۆژی سێشەممەوە رێکەوتی ١٥ی ١١ی ٢٠٢٢ و رۆژانی دواتر.
لە راگەیاندراوێکی
نووسینگەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا جەختی
کردەوە لە پشتیوانی داواکارییە رەواکانی خویندکار بەتایبەت پێدانی دەرماڵە و پشتیوانی
دارایی بۆیان.
ئەمە لەکاتێکدایە،
لە سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی باڵاوە بۆ ئەمساڵ، لە زانکۆی سلێمانی و
زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و راپەڕین و هەڵەبجە و گەرمیان و چەند زانکۆ و پەیمانگایەکی
دیکەی هەرێم، لەسەر پێنەدانی دەرماڵەی خوێندکاران و دابیننەکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان
خوێندکاران خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.
ماوەی دوو
رۆژیشە خۆپیشاندانەکان بەرفراوان بوون و بەو هۆیەشەوە گرژی لە نێوان هێزە
ئەمنییەکان و خوێندکاراندا دروستبووە و هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکرێژیان
بەرامبەر خوێندکاران بەکارهێناوە و گوللـەی پلاستیکییان بەسەردا تەقاندوون. جگە
لەوەی رێگرییان لە رووماڵی خۆپیشاندانەکان کردووە لەلایەن راگەیاندنەکانەوە.
هـ.ئـ