سەردێڕ:

شەپۆلێکی بارانبارین بەڕێوەیە و ئەگەری هەیە لەم دوو پارێزگایەی هەرێم لافاو دروستببێت

PM:04:44:14/11/2022

128608 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، پێشبینیدەکرێت رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بارانێکی بەخوڕ لە وڵاتدا ببارێت و لە هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و میسان و کوت و دیالە ئەگەری دروستبوونی لافاوی هەیە.


ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی کەشناسی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، وڵات دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پەستانێک لە ئەنجامی یەکگرتنی هەردوو نزمە پەستانی دەریای سور و دەریای ناوەڕاستەوە دروسدەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ١٦ی ١١ی ٢٠٢٢ لەسەرتاسەری وڵاتدا بارانێکی مامناوەند خوڕ دەبارێت و دواتر دەگۆڕیت بۆ بارانێکی بەخوڕ و هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی ١١ی ٢٠٢٢، لە دوانیوەڕۆوە کاریگەری نزمەپەستانەکە بەشێوەی پلەبەندی لاوازدەبێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.

دەشڵێت، هەر رۆژی پێنجشەممە لە بەشی رۆژهەڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاریگەری نزمەپەستانەکە بەردەوامدەبێت و بەهۆیەوە بارانی مامناوەندخوڕ دەبارێت و دەگۆڕێت بۆ بارانی بەخوڕ و بەمەش ئەگەری دروستبوونی لافاو لە پارێزگای سلێمانی و هەولێر و میسان و کوت و دیالە هەیە.













گەلەری