خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین و پۆلەتەکنیکی هەولێر رایانگەیاند، پێویستە حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم و هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و دارایی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەرماڵەی خوێندکاران دابین بکەن. دەشڵێن، "ئەگەر حکومەتی ماوە بەسەرچوو وەڵامی داخوازییەکانیان نەدەنەوە لەچەند رۆژی داهاتوودا هەڵوێستی توندیان دەبێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، خوێندکارانی زانکۆی سەڵەحەدین و پۆلەتەکنیکی هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا راگەیانراوێکی هاوبەشیان خوێندوەوە و تیایدا هاتووە، داوا لە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و دارایی دەکەن هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەرماڵەی خوێندکاران بۆ ئەمساڵیش دابینبکرێت.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیاندا
هاتووە، پێویستە پێدانی دەرماڵەی خوێندکاران بکرێتە پڕۆژەیەکی هەمیشەیی و خوێندکارانی
پارالێڵ و خوێندنی ئێوارانیش بگرێتەوە.
خوێندکاران لە راگەیەنراوەکەیاندا
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێدانی دەرماڵە سودێکی باشی دارایی بۆ خوێندکاران هەیە و
هاوکارێکی باشییانە، هەربۆیە پێویستە بڕەکەشی زیادبکرێت.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی
خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین و پۆلەتەکنیکی هەولێردا هاتووە، ئەگەر دەرماڵەی خوێندکارانیان
پێنەدرێت ئەوا لەچەند رۆژی داهاتوو هەوڵێستی دیکەیان دەبێت.
هەروەها، لەبارەی هێنانی هێزی
سەربازی بۆ ناوحەرەمی زانکۆی گەرمیانەوە، راگەیەنراوەکەی خوێندکاران ئاماژەی بەوەداوە،
پێویستە شکۆی زانکۆ بپارێزرێت و بەهیچ شێوەیەک هێزی سەربازی و ئەمنی نەهێنرێتە ناو
حەرەمی زانکۆوە، لە جیاتی ئەوە زانکۆ بکرێتەوە بە شوێنی داهێنان و زانست.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی
دوو رۆژە لەزانکۆکانی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین لەبارەی پێدانی دەرماڵەی خوێندکاران
و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن. دوێنێ لەهەریەک لە
زانکۆکانی سلێمانی و پۆلەتەکنیکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین خۆپیشاندانیان
کرد و لە سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو.