سەردێڕ:

خوێندن لەزانکۆی سلێمانی راگیرا

PM:02:34:14/11/2022

22820 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بڕیاریدا بە راگرتنی پرۆسەی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی لە رۆژی سێشەممەوە رێکەوتی ١٥ی ١١ی ٢٠٢٢ و رۆژانی دواتر.


ئەمڕۆ دووشەممە، نوسینگەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە ئەمڕۆدا جەختی کردەوە لە پشتیوانی داواکارییە رەواکانی خویندکار بەتایبەت پێدانی دەرماڵە و پشتیوانی دارایی بۆیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر پاراستنی سەروگیانی خوێندکاران و ئاسایش و ئارامی زانکۆی سلێمانی و دروست نەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی، وە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە بەکۆی دەنگ بڕیاریدا بە راگرتنی خوێندنی خوێندکاران لە سەرجەم کۆلێجەکان لە رۆژی سێشەممە ١٥ی ١١ی ٢٠٢٢ و رۆژانی دواتر.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی دوورۆژە لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و راپەڕین و هەڵەبجە و گەرمیان لەسەر پێنەدانی دەرماڵەی خوێندکاران و دابیننەکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان خوێندکاران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی خوێندکاران لە شاری سلێمانی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خوێندکارانی خۆپیشاندەر گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو.

هەر ئەمڕۆش، خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین و پۆلەتەکنیکی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا راگەیەنراوێکیان لەبارەی پێنەدانی دەرماڵەی خوێندکاران و پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم خوێندەوە و تیایدا هۆشدارییان دایە حکومەت بەوەی ئەگەر حکومەت وەڵامی داخوازییەکانی خوێندکاران نەداتەوە ئەوا لە رۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.

 


 













گەلەری