رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی هەشت کەسی دیکە، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە و سەرکۆنەی دەکەن چونکە دەستدرێژیکردنە بۆ سەر سەروەری عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "جارێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکەین".
دەشڵێت، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم
دەستدرێژیکردنە بۆ سەر سەروەری عێراق.
ئاماژەی بەوەشداوە، نابێت عێراق بکرێتە
گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی ململانێکان، بەڵکو پێویستە رێزی خاکەکەی و ئاشتی ئەو وڵاتە بگیرێت.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی رێکخراوی
نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە نێوان
عێراق و ئێراندا هەن، تاکە رێگا گفتوگۆکردنە لەنێوانیاندا.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ
سێ ناوچەی هەرێم لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆردومانکران و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان
شەش کەس بریندارە و کەسیکی دیکەش گیانیلەدەستداوە.
دوابەدوای هێرشەکان، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا
هاتووە، تۆپخانەکانی سوپای پاسداران بە موشەک و درۆن بۆردومانی حزبە جیاخوازەکانیان
لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
هاوکات، سوپای پاسدانی ئێران لە راگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم
بۆردوومانکردنە قۆناغی دووەمی بۆردوومانەکانی ماوەی رابردووە بۆسەر بارەگاکانی حیزبەکانی
رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆردوومانەکان بە چوارچیوەی ئۆپراسیۆنێکدا بەردەوام
دەبێت و تاوەکو ئەنجامی بەرچاوی دەبێت و ئەو بارەگایەنە هەڵدەوەشێنەوە.