سەردێڕ:

نەوەی نوێ: پشتگیریی تەواوی داواکاریی خوێندکاران دەکەین

AM:11:15:14/11/2022

2616 جار خوێندراوەتەوە

لە راگەیەندراوێکدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ پشتگیری خۆی بۆ تەواوی داواکاری خوێندکاران راگەیاند و دەڵێت، "ئەم دەسەڵاتە سی ساڵە بەمەبەست دژایەتیی خوێندکاران و قوتابیان دەکات و نایەوێ نە ئێستایان هەبێت نە داهاتوو. "


ئەمڕۆ دووشەممە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم بەناو حکومەتە ماوە بەسەرچووە شکستخواردووە گەیشتۆتە ئاستێک لە بێ شەرمیی کە نە لەکاتی خوێندکاریدا دەرماڵەیەک دەداتە خوێندکارانی زانکۆ، نە لەکاتی تەواوکردنی خوێندنیشیاندا هەلیکاریان بۆ دەستەبەر دەکات.

‏‎باسی لەوەشکردووە، دەرماڵەی هەموو خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان نزیک بە شەش ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، کە داهاتی یەک رۆژی خراپتریین و کەم داهاتتریین خاڵی سنووریی و یەک کاتژمێری ئەو نەوتەیە کە بە تاڵانی دەبەن بۆ خۆیان.

دەشڵێت، "ئەمە جگە لەوەی بەڵێنەکەی ساڵی پاری نەبردە سەر و تەنها پێنج مانگ دەرماڵەییەکی کەمیان بۆ خوێندکاران سەرفکرد."

‏‎ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر دەسەڵاتێک رێز لە زانکۆ و مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکارانی زانکۆ نەگرێت و وەڵامی داخوازیەکانیان نەداتەوە، دەیسەلمێنێت کە بەرپرسەکانی نەخوێندەوار و شکستخواردوون و بە سوتفە ئەو بەرپرسیارێتییەیان وەرگرتوە نەک بە هەقی خۆیان.

‏‎جەخت لەوەشکراوەتەوە، ئەم بەناو حکومەتە ماوە بەسەرچووە فاشیلە لە کۆی سێکتەرەکانی ژیانی هاوڵاتیان شکستی هێناوە، مووچە نادات، پلەی فەرمانبەران بەرز ناکاتەوە، هەلیکار بۆ گەنجان نادۆزێتەوە و دەرماڵەی خوێندکاران نادات و نرخی سووتەمەنیی هەرزان ناکات و باج و سەرانە لە هاوڵاتیان دەستێنێت، ئەمەش سیفەتی ئەو دەسەڵاتانەیە کە تەمەنیان لەکورتیی داوەو خۆیان بۆ راکردن ئامادە دەکەن.













گەلەری