وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەو کەسەی دوێنی بۆمبی لە شەقامی ئیستیقلال داناوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس دەستگیرکراوە.
سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کەسەی بۆمبەی تەقینەوەکەی دوێنیی لە شەقامەکە دانابوو، دەستگیرکراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە تەقینەوەکەدا شەش
کەس گیانیانلەدەستداوە و دەشڵێت، "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان تورکیا
گومانی هەیە پارتی کرێکارانی کوردستان تەقینەوەکەی ئەنجامدابێت."
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ لە شەقامی ئیستیقلال
لە ناوچەی تەقسیمی ئیستانبوڵ تەقینەوەیەک روویدا و شەش کەس گیانیانلەدەستدا و ٥٣ کەسیش
بریندار بوون.
هاوکات، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری
تورکیا رایگەیاند، تەقینەوەکەی شەقامی تەقسیم چەکداری بووە و بەڵاێنیشیدا بکەرانی
ئەو کردەوەیە دەستگیربکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی کۆتایهاتنی لێکۆڵینەوەکان
و ئاشکرابوونی بکەرەکان وێنە و ناسنامە و سەرجەم زانیارییەکانی بکەرەکان بڵاودەکەنەوە.
لای خۆشیانەوە، پارتی دیموکراتی گەلان و
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتەکە لە زیندانی ئەدەرنەوە لە تویتەر
پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرۆکۆنەی هێرشەکە دەکەن و باسی لەوەشکرد، هەر
چۆن بووبێت و هەر کێ بێت تیرۆرە چونکە خەڵکی سڤیل کراوەتە ئامانج.