PM:11:54:25/10/2022
6500 جار خوێندراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەیان بێباکانە نامێنێتەوە ئەگەر بسەلمێندرێت روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئۆکرانیا بەکارهێناوە. ئەمەش لە دوای ئەوەی ئێران تۆمەتبارکراوە بەوەی درۆنی وڵاتەکەی لە ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە بەکاردەهێندرێت.
میدیاکانی ئێران لە زاری حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیانەوە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویانکردەوە "ئەگەر بۆمان بسەلمێنن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا دژی هاوڵاتیانی بێتاوان بەکارهێندراون، ئەوا ئێمە نابێت بە بێباکانە بمێنینەوە."
ئاماژەشی بەوەدا، هاریکارییە
سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ بەردەوامیان دەبێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی
هەینی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا داوای لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیان
کرد لەسەر ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەکارهێناوە
بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا و گوایە بەو کارەی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە.
هاوکات، هەفتەی رابردوو
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرس و دیپلۆماتکارێکەوە بڵاویکردەوە، ئێران
لەگەڵ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیشدا بەڵێنی بە روسیا داوە موشەکی زەوی بۆ زەویشی بداتێ.