سەردێڕ:

ناکۆکی لایەنەکان بۆ بەدەستهێنانی پلەوپۆست پێکهێنانی حکومەتەکەی سودانی دواخستووە

PM:11:49:25/10/2022

1956 جار خوێندراوەتەوە

ناکۆکی نێوان هێز و لایەنە عێراقییەکان لەسەر ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە "سیادی"، پێکهێنانی حکومەتەکەی محەمەد شەیاع سودانی دواخستووە. هاوکات، چاودێران دەڵێن، "ئەو وەزارەتانە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتن بۆ حزبەکان، بۆیە ململانێیانە لەسەریان".


وەزارەتەکانی دارایی، نەوت، بەرگری، ناوخۆ و دەرەوە ناویان لێنراوە وەزارەتی "سیادی" و هەموو جارێک لەکاتی پێکهێنانی حکومەت دا، زۆرترین مشت و مڕ لە نێوان لایەنەکان لەسەر ئەم وەزارەتانە دروست دەکات.

شوان محەمەد رۆستەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە سیادی، لە رووی ئیمکانیەت و دەسەڵاتەوە لەوانیتر جیاوازترن، ئیشیان زۆر تێدایە.

دوای ململانێیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، لە ئێستادا یەکێتی و پارتی ململانێی بەدەستهێنانی زۆرترین پۆستی وەزارەت و بریکارەکان و دەستە و فەرمانگە و پۆستە راوێژکارییەکانن لە بەغدا و ئەوەی هەوڵی بۆ نادەن مافی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە.

لەبەرامبەردا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەداوە کە تائێستا دووجار بەفەرمی داوای لێکراوە بەشداری پێکهێنانی حکومەتی عێراق بکات و بەگوێرەی کورسییەکانیشی دوو وەزارەتی بەردەکەوێت، بەڵام ئەوان رەتییان کردووەتەوە بەهۆکاری ئەوەی پۆستێک نەتوانێت خزمەت بە هاوڵاتییانی هەرێم بکات و ببێتە پارێزەری مافە دەستورییەکانی و چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکان وەرنەگرتنیان باشترە و ئەوان هەر بە ئۆپۆزسیۆنی دەمێننەوە.

زۆر جار لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراق باس لەوەدەکەن هەندێک لەم وەزارەتانە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، هەرچەندە ئەم زانیارییانە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام بەڕای چاودێران، ئەمە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی وەزارەتەکان بۆ بەرژەوەندی کەسی و حزبی.

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکارییە سیاسی و ئابورییەکان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، ناونانی هەندێک لە وەزارەتەکان بە "سیادی" نا لۆژیکییە، ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە سیادی، ژمارەی کارمەندیان زۆرە، بودجەی گەورەیان تێدا خەرج دەکرێ، خەڵکیان زۆر لێ دادەمەزرێنرێ، واتە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتن بۆ ئەو حزبانەی وەریان دەگرن.

دەشڵێت، حزبەکان لەسەر ئەم وەزارەتانە هەمیشە ململانێ دەکەن، چونکە دەرفەتی پارە کۆکردنەوە تێیاندا بۆ حیزبەکان زۆرە، چونکە گەر حیزبەکان مەبەستیان خزمەت بێت، وەزارەتی ژینگە چ جیاوازییەکی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری دا هەیە، کە نزیکەی ١٠ هەزار خێزان بە هۆی وشکە ساڵییەوە لە عێراق کۆچیان کردووە.

لە کاتی دابەشکردنی وەزارەتەکان بەسەر حزبەکاندا، پلە بەندی بۆ وەزارەتەکان کراوە، پلە بەندییەکەش لەسەر بنەمای ئیمکانیەت و دەسەڵاتی وەزارەتەکانە، بەو پێیەی هێزەکان ململانێیانە لەسەر ئەو وەزارەتانەی سەرچاوەی پارە و دەسەڵاتن.

شوان محەمەد رۆستەم ئەوەشی خستەڕوو، پلەبەندی بۆ وەزارەتەکان کراوە، لە پلە یەکەوە تا پلە سێ، ئەمە کارێکی باش نییە، هەر لایەنێک بیەوێت خزمەت بکات، لە هەموو وەزارەتێکدا دەتوانێت بیکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، گەڕانەوەی حزبەکان بۆ پشک پشکێنەی حیزبی و پشتگوێ خستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق، گومانی لەسەر داهاتووی حکومەتەکەی محەمەد شەیاع سودانی دروستکردووە، بەو پێیەی بەرژەوەندی ئەو حیزبانە رێگرن لە بەردەم هەنگاونان بە ئاڕاستەی چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵکی عێراق.













گەلەری