دوو بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاند، وڵاتەکەیان بە نیازە سیستمە کۆنەکەی بەرگری ئاسمانی هۆک بدات بە ئۆکرانیا، لە پێناو ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکە کروزەکانی روسیا.
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاند، وڵاتەکەیان بە نیازە سیستمە کۆنەکەی بەرگری ئاسمانی هۆک بدات بە ئۆکرانیا.
دەشڵێن، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی
ئەو وڵاتە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکە کروزەکانی
روسیا.
ئیدارەکەی بایدن دەسەڵاتێکی
سەرۆکایەتی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی سیستمی هۆک کە تەکنەلۆجیای سەردەمی ڤیێتنامی
لەسەرە و چەند جارێک نوێکراوەتەوە و ئەو دەسەڵاتەش رێگە بە ئیدارەکەی بایدن دەدات
بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس بتوانێت سیستەمەکە بە ئۆکرانیا بدات.
سیستەمی بەرگری موشەکی هۆک
چییە؟
سیستمی بەرگری موشەکی هۆک
ئاستێک بەرزترە لە سیستمی بەرگری موشەکی ستینگەر کە بچووکترە و مەوداکەشی کورترە،
ئەمەریکا پێشتر سیستمی بەرگری موشەکی ستینگەری داوە بە ئۆکرانیا.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی
بەوەشداوە، نەیتوانیوە بزانێت بە دیاریکراوی ئەمەریکا چەند سیستمی هۆک و موشەکی لە
بەردەستدایە بۆ گواستنەوە بەرەو ئۆکرانیا و کۆشکی سپیش رەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو
بابەتە بدات.
بەرپرسانی ئەمەریکا بە رۆیتەرزیان
راگەیاند، سیستمی هۆک پێش سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت دروست کراوە، تاوەکو ئێستا
سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت نەدراوە بە ئۆکرانیا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، جۆ بایدنی
سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی بە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوە کە واشنتۆن سیستمی
بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو دەدات بە ئۆکرانیا، دوای هێرشە موشەکییە بەرفراوانەکانی
روسیا بۆ سەر شارەکانی سەرانسەری ئۆکرانیا.
لای خۆشییەوە، یانس ستۆڵتنبێرگ
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ رایگەیاند، ئیسپانیا بە نیازە چوار هاوێژەری موشەکی
هۆک بدات بە ئۆکرانیا.